هەموو ئاواتی دڵ وا بێ ئەسەر ما
درەختی ئارەزووەکەم بێ سەمەر ما
خەیاڵم کەوتە دووی عەنقای ویسالت
ئەویش وەک من هەژار و دەربەدەر ما
بەجێ هات سەبری ئەییوبیم بە دوو قات
بەڵام دەردی دڵ و ژاراوی هەر ما
لە هیجرا وا گەیی عومرم بە ئاخر
لە کوێ وەک من کەسێ وا دەستەسەر ما
زەمانە مووی سپی کردم بەبێ جێ
لە حاڵم ڕووی سیا بێ بێ خەبەر ما
دەمەی ئاهم چلۆن ڕێگەی دەگیرێ
کە وەک ئەشکم ڕەوان و ڕێ لەبەرما
گرفتارم بە داوی بێوەفایی
کە خوێن و دین و ئیمانم هەدەر ما
دەبا ڕەنجم بە با بێ میسلی فەرهاد
بە شیرینی نیگارم وا سەمەر ما
***
وتم ڕۆحم فیدای تۆ کەم وتی لا
لە تۆ فیدیەم نییە مەقبووڵم الا
هەتاکەی هەوری نیسان بێ دوو چاوم
ئەیا خەندەت وەکوو لووئلووئی لالا
وەکوو قومری هەتا کەی من بناڵم
لە هیجری قامەتت ئەی سەروباڵا
لەلات بێقەدرە گیان و دڵ وەکوو خۆڵ
چ حاجەت نەقد و ماڵ و جینس و کاڵا
شکا ئێسقانی جەستەی من لە جەورت
بە ڕەفعەت هەر بژی ئەو قەدری والا
ئەمن با زۆر بێ کۆگای سەییئاتم
کەرەم مەبدایە بۆ ئیحسان و ئاڵا
بە غەمخواری منم مەجنوونی کوردان
بە دڵداری ئەتۆش لەیلا بە لەیلا
بە مەخمووری وتم خوێنخۆرە چاوت
ئیلاهی تۆبە بێ لەم تەرکی ئوولا
بەجارێ بوون بە ناحەز یار و دڵسۆز
بەڵا باری بەسەر مندا لە هەر لا
بە ئوستادی موشیری عالەمێ بووم
ئەمێستا مەسخەرەی ئەدنا و ئەعلا
وەکوو تاهیر وەها بۆ حەزرەتی یار
کەسێ نەیکردووە شیعری خۆش ئیملا