ئەمە باڵای ئەتویە، یا کە سەروە هاتە ڕەفتاری؟
فریشتە هاتە شێوەی ئادەمی و گوڵ لادەبا خاری
گەلێ ساڵە پەری ڕووی خۆی نهێن کرد هیچکە نەیبینێ
ئەوا دیسان لە عالەم کەوتە دەر پڕشنگی ڕوخساری
دەسووتێ عوود و عەنبەر؟ یام گوڵی گوڵزارە؟ ڕووی دەرکەوت
چییە یاران؟ مەگەر هات کاروانی موشکی تاتاری
کە دیم ئەو ڕوومەتە وا مەست و حەیران بووم، پەری ڕوویان
لە پێش چاوم چمانێ بوونەتە وەک نەخشی دیواری
دەخیلە قافڵەچی بایی نیگاهی ئەو نیگارینە
بە گیان گەر دەیفرۆشی با بە سەد دڵ ببمە کڕیاری
بە بەرزی هیممەتت تاهیر بناڵێنە لە جەوری یار
کە تا دنیا بووە هەر یار دەکێشێ مەینەتی یاری