بەهارە و کاتی نێو گوڵزارە ئەمڕۆ
غەمم کەم شادی یەکەم زۆر جارە ئەمڕۆ
کە غونچە بەریەخەی سەوزی ئەکا چاک
چریکەی بولبولان هێجگارە ئەمڕۆ
دە تێ فکرە دەمێ و سەیری سرووشت کە
هەلی عیرفان بەبێ هەژمارە ئەمڕۆ
مەجازیش هاتە سەر ڕێی ڕاستەقینە
کە ئاساری حەقیقەت دیارە ئەمڕۆ
لە خاکی وشک و ئاوی ساف نەسیمی
بەیانیان دێ کە ڕەحمەتبارە ئەمڕۆ
لە شەوبۆ و نێرگس و گوڵ دی مەکە باس
لەبۆ عارف هەموو تکرارە ئەمڕۆ
هەتا کەی باسی چیرۆکی مناڵان
کە نۆبەی باسی حوسنی یارە ئەمڕۆ
گوڵی بەستەزمانیش شێتی عیشقە
انا الحق بێژ، جێگای سەردارە ئەمڕۆ
من و ئەو گەر بەباچووی ئاری عیشقین
وەکوو مەنسوورەکەی بێچارە ئەمڕۆ
لە سەرمان نا، هەموو بادەی حەقیقەت
چ باکمان لۆمەیی بەدکارە ئەمڕۆ
کە ڕۆییشتین لە شوێنمان چی دەمێنێ:
ئەوەی بۆ عاشقان ئاسارە ئەمڕۆ
بڵا با دەردی عیشقم هەر نهێن بێ
کە مەجلیس جێگەیی ئەغیارە ئەمڕۆ
ئەپرسی شێتی ڕووی کامین نیگارم
لە ڕەنگی زەردما خۆ دیارە ئەمڕۆ
لە دڵدایە هەتا عیشقی ڕوخی یار
لەبۆ دڵ سەیری گوڵ وەک خارە ئەمڕۆ
لە هەوری تەبعی من بۆ دوڕشناسان
ڕەهێڵەی گەوهەری شەهوارە ئەمڕۆ
لەبەر چین چینی زوڵفی گرژ و لوولت
دڵم جێی داوی ناهەموارە ئەمڕۆ
بە ڕەندی و عاشقی و بادەپەرەستی
ئەوی مەشهوورە شیرینکارە ئەمڕۆ
لە ناوت بەرزە جانا ناوی تاهیر
ئەگەر چی خوار و بێ مقدارە ئەمڕۆ