ئومێدی دین و دونیامی دەمێ لوتف و خیتابێ زوو
دەری فەیزم لە ڕوو بەسراوە جارێ فەتحی بابێ زوو
شەوم تاریک و خوێنین دڵ هەسێرەی بەختەکەم پەنهان
دەسا سوبحی سەفا دەرخە بە خەندە لەعلی نابێ زوو
لە نیسبەت خارجم ڕەحمێ لە ڕەحمەت بێ بەریم لوتفێ
لە زیللی فیرقەتم لادە بە عیززی ئینتسابێ زوو
شەوی زولفەینی... ڕووی ڕۆژی بەختی کردووم ڕووناک
شەوت وایە، چلۆنە گەر هەڵێنی ئافتابێ زوو؟
لە نەشئەی نێشی هاتوچۆی برژانگت عایدم نۆشە
چ بێ مایەم؟ لە لەفزت گەر ئەمن ببیەم عیتابێ زوو
لەگەڵ توولی ئەمەل دەستم لە چاکی وەسڵی کۆتایە
سەبا! داماوی هیجرانم دە عەتری زوڵفی با بێ زوو
پڕووزا کشتی ئومێدم بە تاوی وشکەساڵی غەم
دەخیلە ئاسمانی مەکرەمەت تاوی سەحابێ زوو
ئەتۆ شەهبازی ئەوجی عیزز و مەجد و فەزڵ و عیرفانی
دەرێنە کۆترەکەی قەلبم لەژێر چنگی عوقابێ زوو
گەدای دەرماڵی ئەو شاهەنشەهەم تاهیر بە مسکینی
سوئالێکم هەیە یاڕەب لە ئەو ببیەم جوابێ زوو