مەڵێن من موشتەریم چون بەختی وەک میڕڕیخی بەدفەرجام
قیڕانی هیجری دامێ کەی قەرینی زوهرەیی زەهرام
ئەنیسی ئاه و ناڵینم جەلیسی ناری حیرمانم
ڕەفیقی ئەشکی حەسرەت خاکنشینی مەینەتی دنیام
ئەمن گەنجی وەفام وا خێڵی یاران بوون بە مارانم
ئەمن چاوەی سەفام نوقمی دیاری زوڵمەتی ئەعدام
کوڕی مەنسوورم ئەی یاران جونەیدی عەسرە مەحبووبم
بە ڕەفعی من لە سەردار بۆتە یاری دژمنی ئەدنام
بە وەسڵی فەسڵ و فەسڵی وەسڵ و نۆشی نێش و لەسمی سەم
لە باغی دڵبەران بێ بەش لە جەمعی عاشقان بێ تام
مەڵێن یاران زەلیل و ڕەنج بە باد و خاسیر و موفلیس
لە گوڵزار و دیار و یار عەیشی وەسڵی دڵبەر مام
بە ئەم دەردانە ڕازیم گەر وەکوو ساحیبدڵان جارێ
بزانم هاوسواڵەی کەلبی قاپی غەوسەکەی بەغدام
ئەڵێ: ڕەفڕەف منم فەخری بەشەر پێی نایە سەر شانم
لەبۆ خەتمی نوبووەت من ڕەفیقی لەیلەتولئەسرام
ئەڵێ: نەجلی حەسەن میخدەع مەقامی مەرتەبەی قوربم
ئەڵێ: پێم نایە سەر مل جوملە پاکان غەوس و شاهەنشام
ئەڵێ: سیڕڕم ئەگەر دەرخەم لەتاوی ئاگری دۆزەخ
ئەبێ خامۆش لە سیڕڕی حاڵەتی پڕ شۆڕش و غەوغام
ئەڵێ: سیڕڕم ئەگەر دەرخەم لە مردووی کۆنی سەدساڵە
بە ئیزنی زاتی حەق گورج هەڵدەسێ و گورجانە دێ بۆ لام
سەگی دەرگاهی ئەو شاهەنشەهەم تاهیر کە بەر قاپی
ئەوم گەر دەس کەوێ ساکین لە سەدری جەننەتولمەئوام