سووتانی کشتی هۆش و دەکا ئاگری تاسەکەم
فەوتانی باغی شەوق و ئەمەل بای هەناسەکەم
بوویتە ڕەفیقی ناکەس و ناوت لەنێو نەما
شوکری خودا کە بەرزە بە غەم دەنگ و باسەکەم
مەحوە لە دەفتەری کەرەما وەعدەکەی درۆت
سەبتە لە مەحزەری هیمەمما قەولە ڕاسەکەم
ئاخ بۆ چواردە ساڵە دڵی پڕ لە داخەکەم
بۆ لەم زەمانە باوەڕەکەی بێ ئەساسەکەم
وام زانی ئەو ڕەفیقە لەگەڵ من بە شیفقەتە
نەمزانی دوژمنە، جل و بەرگ و کراسەکەم
وەک مانگەکەی هیلالی برۆت قامەتم خەمە
کشتم درەو ئەکا بە شەقا و تیژە داسەکەم
عومرم گەیشتە ئاخر و دەورم نەکەوتە بەر
بۆ دەست و شیشەکەی ئەمەلم واقە کاسەکەم
تا تۆم هەبووی شەهیری جیهان بووم بە عاشقی
تاهیر ئەمێستە غەمزەدەکەی کەسنەناسەکەم