ئاڵەکۆک

سەید محەممەد تاهیر هاشمی add_a_photo
سەید تاهیر ھەوارگەی دڵان
٣٤. بەجێیە ئەی ڕەفیقان گەر بەدڵ مەدهۆش و شەیدا بم
بەجێیە ئەی ڕەفیقان گەر بەدڵ مەدهۆش و شەیدا بم
سزایە ئەی عەزیزان گەر بە گیان وەیلانی بەیدا بم
بە شەیدایی چ خۆشە هاونشینی ئاسکەکەی بەڕڕ بم
بە وەیلانی چ چاکە هەمقەرینی وەحشی سارا بم
لە پێ تا سەر لیباسم غەرقی نیلی هیجری مەحبووبە
سزاوارە کە غەرقی نیلی وەسڵی ئەو سەراپا بم
لەسەر تەسلیمی گیان سنکی ملم تەوسیمی ئیسلامە
لە تۆ هەر چاترم زاهید بە سوورەت گەرچی تەرسا بم
جەفای نێشی موغەیلانم سەفای نۆشی موهەننایە
وەکوو مەجنوون ئەگەر ئیحرامبەندی تەوفی لەیلا بم
کە تەیری دڵ ئەسیری دامی زوڵف و دانەیی خاڵە
بە ئازادی گەییشتووم گەر بە سەبری حەبسی ئازا بم
بە کڵپەی ئاگری حیرمان دەسووتێ خەرمەنی عەیشم
دڵم کاتی موناجات هەر ئەڵێ: یا ڕەببی هەر وا بم
بە بێهۆشی ئەبێ تەی مەنزڵی پڕ دڕکوداڵی خەم
پرووسکێکم بەشی دڕکێکە گەر یەک لەحزە وریا بم
لە زوڵماتی غەما پەنهان منم تۆ ئاوی حەیوانی
حەیاتی عاشقان هەر تۆی چ حاجەت من هووەیدا بم
بڵا با نوقمەساری توونی قووڵی ڕەنج و مەینەت بم
جیهانێ دێتە ناڵین یەک زەمان گەر بەندە پەیدا بم
شەوی تاریکی هیجران تاقە ئەستێرەی کەلی زاریم
خەوی ڕاحەت ئەچێتە چاوی خەلقی گەر من ئاوا بم
لە دیقی سوودی مایەی پڕ زیانی عیشقی ئەو یارە
نەماوە هیچ عیلاجم با ئەنیسی داغ و سەودا بم
بیابانێکە پڕ خۆف و خەتەر ڕێی عیشقی نازاران
گیان دەرناکەم ئەی یاران چ بێ گوێ بم چ پرسا بم
لەبۆ حەللی موعەممای خولفی وەعدە و سیدقی بەدقەولی
هەتا مەحشەر لە بیر دام گەر چی نادان یا کە دانا بم
لە گەنجی وەسڵەکەت مایەم سەوادی وەجهی دارەینە
بڵا با لەم سەوادە بەشدەری سەودا و سووەیدا بم
لەکن ئەو ناکەسە ئەشعاری من شیری جیگەر پاچە
چ وەک تەییانی نامەوزوون و چ وەک سەحبانی شیوا بم
یەمینم نایرەی حیرمان، یەسارم گۆمی فرمێسکە
لەنێوان ئاو و ئاگر چۆن دەبێ بێ شوێن و ماوا بم
لە ئاقاری مەجازا خول دەخوا ئەم چەشنە گوفتارە
دەبا بۆ ڕێی حەقیقەت شاعیرێکی عارفاسا بم
دەسا با کەم خەریکی بیری خاو و شیعری ناڕەس بم
دەسا با کەم لە داوی تەبعی پەست و تەمعی بێجا بم
لە سوورەت هەر کەدوورەت هەڵدەسێ دانیشە با جارێ
وەکوو ئەهلی سەفا فەرمانبەری ئەربابی مەعنا بم
بە ئیخلاس هاوسوواڵەی کەلبی قاپی غەوسی ئەعزەم بم
بە ڕاستی هاوپیاڵەی ڕەندی دەرگای پیری بەغدا بم
لە زشتی لەونی تەوری پڕ لە جەوری نەفسی بەدفەڕما
بە دیجلەی لوتفەکەی چاک خۆم بشۆم و جوان و زێبا بم
لە خڵت و خەوشی ویزر و خاک و پووشی مەعسیە و تاوان
لە عیشوەی چاوی دەربانی وەکوو دوڕڕی موسەففا بم
لە سبغەی میهری ئەو شاهەنشەهە بەش وەرگرە تاهیر
ئەوە نەقشی حەقیقەت، سا مەڵێ وەک نەقشی دێبا بم

پەراوێز edit