دولبەرا سوێن بێ بە چاوی پڕخوماری کاڵی تۆ
سەد قەسەم بەو بەرق و شوعلەی لەعلی لێوی ئاڵی تۆ
پڕ لە ئاو و خوێنە چاوم ئاری دووریم تێچووە
دولبەرا بۆ گەردنی بێگەرد و ماویی خاڵی تۆ
قومری ئاسا ناڵەناڵم تێ عەزیزم ڕۆژ و شەو
چاوەکەم بە خوا لە عەشقی بەژنی نەونەهاڵی تۆ
لەو دەمەی کردت بە پەرژین پەرچەمت بۆ شەمسی ڕووت
ئەلویداعم کرد لە عرفان لێوە بووم عەوداڵی تۆ
هەر وەکوو مەجنوون ئەسوورێمۆ لە دەشتی عەشقتا
سەر بە بێ هۆشی نیگارا بۆ قەدی شمشاڵی تۆ
گەر دەپرسی حاڵەکەم شێواوە وەک زوڵفی سیات
بۆ پەشێویی ئەگریجەی خاوت لە ژێر دەسماڵی تۆ
مینە یی بێچارە مەعلوومە کە ئەو سەنعان سفەت
وا بە کێو و هەردەوە بۆ بازن و خڕخاڵی تۆ