دولبەرا تا کەی بناڵم شەو هەتا فەجری سەحەر
کەی بێ تۆ ڕەحمێ بکەی گیانا بە خوێناوی جگەر
پێم بڵێ توبی خوا ئەی نەونەمامی تازەدەم
بۆ چی نافەرمووی تەداویی زامی قەلبی پڕ خەتەر
بوومە دێوانەیی سەر کۆڵانی شاران ئاخری
من لە ئێشی غەمزەیی دیدەی خومارت لەب شەکەر
گەر دەپرسی هەر وەکوو بولبول لە حەسرەت ڕووی گوڵت
ناڵە و هاوارمە ئەی مەهوەشی زەڕین کەمەر
خاڵی گۆشەی لێوەکانت ئاشوب و فیتنەی خستە دڵ
بۆیە وەک مەجنوون ئەسووڕێمۆ پەشێو و دەر بە دەر
شوعلەیی دا ورشەیی کوڵمت کە دەرهاتی لە ماڵ
جا یەقینم بوو کە خۆر بەم شوعلە نابێ وەک قەمەر
ئەو دەمەی گیانە کە دیومە ورشەیی ئەو پرتەوە
ئەلوەداعم کرد لە عەقڵ و لێوە بووم و خیرەسەر