بە سروەی بای نەسیم پشکاوە گوڵ ئەم بەربەیانانە
وە یا ئاهی منە داویە لە سەفحەی کوڵمی جانانە
بڵێن پێم سونبولی شێواوی عەمبەر بێزی گوڵزارە
وە یا ئەگریجەیی یارە وەها موشکین و پەخشانە
غەزاڵی وەحشی ڕەم کردەی ڕەوێڵەی دەشتی تاتارە
وە یا خود دولبەری گەردەن بلووری دیدە فەتتانە
بە سەروی گوڵشەنم زانی ئەوەن شیرین و ناسک بوو
کە چی بالایی ئەڵێی تووبایی ڕیزوانە
حەقە مانگ نازی نازدارم بکێشێ ئەو بە گیان و دڵ
کە ئەو گاهێ هیلالە گاه گاهێ بەدری تابانە
فەقەت ئەو شۆخە ئەبرۆی وەک هیلالی یەکشەوە وایە
بە ڕوخسار بێ خسووف یاران بە دائیم بەدری تابانە
گەلاوێژ حەقیەتی خۆی گوم بکا هاوین هەتا پاییز
لە شەرمی چاوی نازارە ئەزانێ شەو لە سەربانە
لە داخا یەخە دائەدڕێ ئەڵێن وا غونچە پشکاوە
مەگەر نازانی دڵ ئەوگاری لەعلی لێوی جانانە
لە ئیمای چاوی مەخمووری نیگار بۆی حەل ئەبی مینە
ڕمووزی سەنعەتی تەلسز ئەوی وا ئەهلی عیرفانە