ئەی عەزیزی ڕۆح و دڵ! ئەی نووری هەر دوو دیدەکەم!
سەد کەڕەت لات سەختە ئەمما ئەم سوئالەت لێ ئەکەم:
پێم بڵێ تو بی خوا ئەی یاری بێ میهر و کەرەم
حووریی ڕەوزوەی جینانی یا گوڵی باخی ئیرەم
أم نجوم العرش، أم شمس علىٰ فوق العلم
وا لە حەسرەت دەردی دووریت دولبەرا دڵ سووتیام
غەرقی ناوی بەحری غەم شێتی دەسی عیجز و مەراق
کوشتمت بە خوا بە ئێشی دووری و زەهری فیراق
سەرکەشی عێلی گەڵاڵی شۆخی بابان و عیراق
نور ابصار العرب ظل روسائ العجم
دڵ بە تیری چاوی مەستت پێکیاوە توێ بە توێ
ڕوو ڕەش و هاوارییە ئەی گوڵ بەدەن مانەندی نەی
سوێند بە خاڵی لێوی ئاڵت باوەڕم گەر پێ ئەکەی
وەک تەبیب ئەر بێ عیلاجی ئەم برینانەم نەکەی
اعطک الروح لئن تقبله فی حق القدم
قاتڵ ئەر تۆ بیت عەزیزم کوشتنم لا نیعمەتە
فەخر ئەکەم پێوە بە چاوی مەستی تۆ بم دوولەتە
کێ بێ تۆ قەتڵی بکەی بێژێ لە گیانم زەحمەتە
کوشتن و عەفوت لە لای من هەر دوویان هەر ڕەحمەتە
لو تمتنی ترحمنی لو تعفینی عین الکرم
موددەتێ بوو هەر وەکوو مەجنوون ئەسوڕیامۆ لە کۆت
عاقیبەت ڕۆیمە سەر ئایینی سەنعان من لە بۆت
ناعیلاج ڕۆحم سپارد جانا بە دەس شیری برۆت
ئاخری کوشتت بە هیجران ئاسکەکەی دەرماڵی خۆت
کم ندیت بالنداء لا تقتلن صید الحرم
بێ قەباحەت کوشتمت جانا ئەگەر ئینساف بدەی
حەیفە بۆ تۆ وا بە قەولی موددەعی باوەڕ ئەکەی
دەک بەڵا گەردانت بێ وەک ڕۆحەکەم ئیقلیمەکەی
کوشتمت ئەمما لە پاشانیش پەشیمانی ئەبەی
یا حبیبی بعد قتلی لا حصول فی الندم
گشت جهان گەڕیام و جانا دەی نەکەوت لای کەس دەوام
شێتی خاڵی سورمیەیی و شەیدایی ئەگریجەی سیام
ئەی نگاری مانگ ڕوو ئەی یاری بێ میهر و پەیام
سەد کە مەحزوون و نەخۆش بم نامەکەت گەر بێتە لام
یندفع حزنی و ما یبقىٰ من القلب الم
وا هوجوومی کردە سەر دڵ چاوت خۆی و تابوری
ئاری تێبەردا ئەسووتێ میسلی شەمعی کافوری
وەک لە دونیادا عەزیزم تۆ لە جەرحم نابوری
گەر وەکوو عیسا لە پاش مردن بە سەرما ڕابوری
تجمع العظم الرمیم تحیینی بعد العدم
ڕۆژێ زۆر غەمگین و عاجز بووم لە ماڵی «یومینا»
چوومە ناوی باغەوە من بۆ تەماشا و سەفا
بیستم ئەم بەیتەی ئەوت قومری بە سەد شوور و نەوا
چونکە نامەی دەردی کوردی قەت نەهاتە ئینتیها
تمت القرطاس جف الحبر وانشق القلم