ئەی خوا تۆ خۆت خوای تەعریفت بۆ من ناکرێ
ئیقتیدار و قودرەتت تەوسیفی بۆ من ناکرێ
چونکە ئەم زوانەی کە مەدحی تۆ ئەکا مەسنووعی تۆس
وا دروس کریاوە هەرگیز حەللی بۆ من ناکرێ
گەر کەسێ ئەم لافە لێدا، بێژێ وەسفی خوا ئەکەم
هێندە بێ دەرک و عولوومە بەحسی بۆ من ناکرێ
چون بەشەر ناتوانێ کەشفی ئیقتیداری تۆ بکا
جا خەیاڵ چۆنی بکا، مەعلوومە بۆ من ناکرێ
هەر ئەوەندەی لێ ئەزانم، خالیقی دوو کەونی تۆ
ڕازیقی چەند نۆعە جنسی، عەددی بۆ من ناکرێ
زیاد لەمە هەر چی بڵێم لام زیادەیە و بێ جێگەیە
چونکە نازانم بڵێم چی سەعبە بۆ من ناکرێ
یا وەکوو مینە دەبێ خۆم وەحشی و جاهیل بکەم
یا دەبێ بێژم ئیلاهی مەدحی تۆم بۆ ناکرێ