موسوڵمانان چییە تەدبیر لە عیشقی مانگی ڕوخسارێ
لە سەد لا کون کونە جەرگم بە تیری دیدە بیمارێ
بە ئەم ئەفغان و هاوارە لە تۆی گۆشەی دەروونم تێ
مەزەننەم وایە زامار بە غەمزەی شۆخی خوێن خوارێ
لە کونجی سینە دەنگی شیوەن و گریانی دڵ تێتە ئە گوێم یاران
گومانم وایە ئەوگار بێ بە تیری چاوی عەییارێ
گرفتارە دڵی زارم بە عیشقی ئەم دڵ ئازارە
چییە چارە فیداتان بم ڕەفیقان سەد دەخیل چارێ
نەماوە تاقەتی سەبرم بەتاڵە بیر و ئەفکارم
ڕەهاییم بۆ نییە قەتعەن عەزیزم بۆم بکەن کارێ
ئەوەن غەددارە ئەم شۆخە نییە ڕەحمی لە دەرحەق کەس
تەداوی لا نییە یاران لە بۆ زامی بریندارێ
دڵ و جەرگم بریندارە بە تیری چاوی ئەو یارە
نییە دەرمانی دەردم کا خوایا کوا دەواکارێ
وەکوو باران لە چاوم دائەبارێ ئەشکی گوڵناری
دەڵێی لافاوە زووخی دڵ لە وێرانەی دەروون ئارێ
هەمیشە مات و خامۆشم لەبەر شمشێری ئەبرۆی ئەو
زەلیل و وێڵ و سەرگەردان لە بەر زۆری دڵ ئازارێ
بە زاری با بڕۆم بۆ خۆم بە گریان و بە هاوارێ
زەبوون و مات و مەینەت بار بە ئێشی جەوری زۆردارێ
بە خوێن و زامەوە کەوتۆتە سەر خاکۆ ئەڵێ مینە
ئەمان مردم بە بێ خوێن چووم، دەخیلە کوانێ حەقدارێ