لە ورشەی پرتەوی ڕووی تۆ سەرم لێ تێک چووە گیانە
سەراسیمەم گوڵە کوڵمت وە یا لەعلی بەدخشانە
سیایی پەرچەم و شوعلەی جەمینت دولبەرا دێژی
بە بێ ئیشکاڵە ئاوی ژین لە تاریکیی پەنهانە
بلوورە قوببەیی نوورە گەڵا سێپەڕەیی سوورە
چییە ئەم گەردنە تو خوا کە وەک ئاوێنە ڕەخشانە
بە نارە سەروی جوێبارە نەیە شمشادی گوڵزارە
وە یا باڵایی ڕەعنایە ئەڵێی تووبایی ڕیزوانە
لە سێ چت وام لە حیرەتدا، ئەوەن دشوارە تەحلیلی
نزیکە تێک بچێ مێشکم بە لەنجەی بم بە دێوانە
یەکێ ئەبرۆی ڕەشی قوربان کە خۆی مویی هیلالێکە
لە لایە ماکینەی بێ تەل لە لایە شیری بوڕانە
ئەویتر سەروی جوێبار و بەری بێ گوڵ بەدەم دوونار
ئەفەرموێ کامەیە باڵات لە گەڵ ئەو جووتە مەمکانە
عەزیزم نەوجەوانی تۆ بە خۆت ڕەحمی لە حەق شەرمێ
هەزار وەک مینە بەدبەختە بە تیری تۆ پەرێشانە