ئەی مامەی جووتیار نەخوێندەواری
ڕۆژ تا ئێوارە ماندوو و غەمباری
بە ڕۆژ جووت ئەکەی بە گەرمای تەمووز
ڕوومەت سووتاوی ڕەش وەک خەڵووز
خواردەمەنیشت زەڕات و گاڵە
ژیانێ وا بێ بوونی مەحاڵە
بۆ چی وا ڕووتی جلت دڕاوە
هەموو ئەندامت لەبەر هەتاوە
گەرمایی هاوین زەهرە بۆ ئینسان
نەخۆش ئەکەوی ئەبی پەرێشان
ماڵ و منداڵت ئەمێنێ بێ کەس
کەس نانیان نادا مەگەر فەریاد ڕەس
ئەمیش واسیتەی جەهل و نەزانی
بۆت بەیان ئەکەم ئەگەر ئینسانی
خۆت کەڵکت نەما عومرت تێپەڕ بوو
خوێندن بۆ پیری وەک تۆ بەسەر چوو
گەر کوڕت هەیە بیخەرە مەکتەب
با خوێندەوار بێ زانا و بەئەدەب
فەرق بە چاکە و خراپە ئەکا
بە کردەوەی چاک نان پەیدا ئەکا
خۆی ناسووتێنێ بە گەرما و هەتاو
وەک تۆ پێخۆری نابێ نان و ئاو
مامە گوێ گرە! لەم نەسیحەتە
بۆ ناتەواویت جەرگم لەت لەتە