میرم ئەزانی چیم لێ قەوماوە
ددانم کێشاوە سەرم ئاوساوە
لێرە بوەستێ زۆر پەرێشانم
لەبەر برسیەتی سەرم سووڕ ماوە
چی بکەم بۆ پارەی دانساز و دکتۆر
ئاوساوی دەم و ددانم زۆر ماوە
بوختان و درۆ و دەلەسە ناکەم
هەرچیم نووسیوە ڕاست و تەواوە
دە فلسم نییە بچمە چاخانە
هێندە سووڕامۆ ژێر پێم سواوە
خوا شاهیدە زۆر پەرێشانم
نەکەونە فریام بەندم بڕاوە
سەرەڕای ئەمەش لەبەر برسییەتی
لە ژێر پشتێنما بەردم داناوە
چوار فلسم نییە بیدەم بە نانێ
قووتی ئیلاهیم لە دەم نەناوە
قسەم پێ ناکرێ بە دەما کەوتووم
لاکەی سەرم دێ ئەژنۆ شکاوە
دەسا بڕێژن بەحری کەرەمتان
بە تۆ و حسێن بەگ هەرچیتان داوە
زوو بۆم بنێرن بۆ سلێمانی
با ڕزگارم بێ لەم بەند و باوە
ئەزانن من کێم موخلیسی خۆتان
ناوم مەشهوورە «سەعید»م ناوە