حوزەیران تا کەی بێ سەلیقە و فەن، بۆ وا ئەکەی تۆ
ئیمساڵ فەهمی جاف پار مەلا حەسەن، وا بووین ڕەنجەڕۆ
بۆ چی بووی بە داخ بۆ هەموو ساڵێ، لای گەلی کوردان
شاعیرێ ئەبەی ئەیخەیتە چاڵێ، نابی پەشیمان
مێژوو نووسەکەی ناو کوردستانم، پاش ئەمین زەکی
دڵسۆزی گەلی زۆر میهرەبانم، قەڵەم بوو چەکی
هەڵگری دیوان شاعیری خاڵۆی، کاک ئەحمەدی جاف
دیوانی بێ چاپ ئێستا لەماڵۆی، پڕ لە شیعری ساف
ماڵی هێلانەی ئەدیب و زانا، تیا ئەبەسترا کۆڕ
بەیادی شیعری پیاوانی دانا، باسی ئەکرا زۆر
تاقە گۆڵە کەی ناوچەی شارەزور، موئەریخی چاک
تەئریخی وڵات لە ساڵانی دوور ئەو نووسی بێ باک
خاوەنی کتێب ناوی کوردستان، لە بابەت یۆنان
چۆن گەڕانەوە لە ناو نیشتمان، بزانن کوردان
هەر کە دائەنیشت بە قسەی شیرین، بە ڕا و تەکبیر
باسی شاعیران بە یادی دێرین، ئەهاتەوە بیر
نووسەری ناودار لە باغی مێژوو، داری بەردار بووی
بۆ بەجێت هێشتین هەروا زوو بە زوو، بێ فیز لای یار بووی
چۆن بکەم یادت مێژوونووسی چاک، لای گەلی کوردان
تەئریخی زۆر کۆن ئەتنووسی بێ باک، وا بووی سەرگەردان
تەئریخی کۆچی لە ڕۆژانی ساڵ، نۆ سەو و حەفتا و سێ
لە حوزەیرانا دای لە شەقەی باڵ هیچ کەس نەپرسێ
یادت دەرناچێ لە دڵی کوردان بۆ ڕۆیشتنی تۆ
هەموو با بکەین شیوەن و گریان نووسەری کورد ڕۆ