ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
بەختیار زێوەر دیوانی بەختیار زێوەر
٨٤. دلبەرێکی خۆوڵاتی ئێستەکە دڵدارمە
دلبەرێکی خۆوڵاتی ئێستەکە دڵدارمە
بۆیە دڵ پڕ سۆزم و جار جار بەدەم هاوارمە
من ئەگەر لەو تەلعەتەی ئیلهامی ڕۆحانیم نەبێ
چۆن خەیاڵی فیکری بیکر و کەڵکەڵەی ئەشعارمە
وەی چ عەییارە هەزار مەکری لەژێر سەردا هەیە
گاه دڵ دز گەه بەعیشوە لابەری ئازارمە
چاوی بازی هەر بەچاوبازی خەریکی فیتنەیە
لەعلی لێویشی ئەزانم وەک مەیی سەر شارمە
حەز ئەکەم تێر سەیری چاوی کەم بەڵام مورغی دڵم
دێتە لەرزە و پێم ئەڵێ هاوار ئەوە شمقاڕمە
نەوڕەس و نەوپێگەیشتوو، دەم بەخەندە، بێ ڕەقیب
شەرم ئەکا چونکە یەکەم نازدارەکەی ناو شارمە
زۆر دەمێ بوو وێڵی شۆخێکی وەها بووم سەد شوکر
تازە وا دۆزیمەوەمن عاشق و ئەو یارمە
بۆ یەکەمجار ئەو بوو دەرگای مەیکەدەی لێ کردمەوە
مەی گوساریی عەشقی هەر لەوساوە پیشە و کارمە
هەر ئەویش بتخانەیی فێرکردم و لای دام لە ڕێ
تاکو ئێستاش جوانپەرستی شوهرەیەکی دیارمە
داخی داخان زوو بەجێی هێشتم بەتەنیا مامەوە
خەڵکی گۆڕ و من ژیانم جێگە گۆڕەوشارمە
وا بەناچاری و زەبوونی یادی بۆتە دلبەرم
شەرتە کردوومە و خەیاڵی دائیما وادارمە

پەراوێز edit