کە تەماشای گوڵ ئەکەم ڕۆژی بەهار
شادمان دیارە بە دەم پێ ئەکەنێ
بۆن ئەبەخشێنێ وەکوو پەرچەمی یار
پاڵ بە پەستی و غەمی دنیاوە ئەنێ
***
وەرە بڕوانە دڵی من گوڵەکەم
چەندە تاریکە کە بووەتە شەوەزەنگ
وەختە ڕێ و شوێنی ژیانم هەڵە کەم
سەرزەمین هێندە لە چاوما بووە تەنگ
دڵەکەم ڕییوە ئای بۆ دڵەکەم
بە بەهاریش نییەتی نەشئە و دەنگ
***
کە تەماشای دڵ ئەکەم پڕ لە جەخار
گەشە ناکا بە تەماشای چەمەنێ
لە هەوارگە و چەم و هاوینەهاوار
تاکوو بێ دەردی پەرەی لێ ئەسەنێ
***
خوایە چی بکەم ئەمە دەرمانی چییە
بچمە کوێ کێ هەیە فریای بکەوێ
گیانە ئەی دڵ ئەمە گریانی چییە
بۆچی ئۆقرەت نییە تا نیوە شەوێ
تێ گەیشتم ئەمە ئەفغانی چییە
دیارە هەر دیدەنی دڵداری ئەوێ
***
بەسە ئەی دڵ خەفەت و ناڵەیی زار
شتی وەک تۆ ستەمە ڕووی بدەنێ
خۆت مەسووتێنە بە ئاواتی نیگار
من مەفەوتێنە لەبۆ گوڵبەدەنێ
***
ئەچمە کونجێکەوە تا ماوە ژیان
دائەنیشم خەم ئەخۆم مات و حەزین
سەری خۆم کز ئەکەم و سیڕڕی نیهان
بێ توانجی ئەم و ئەو گردەنشین
ئەوە خۆشە نەوەکوو ئەهلی زەمان
پێم بڵێن تێک چووە نەیماوە نگین
***
بەختیاری ئەکەمە پێشکەشی یار
ڕەنجەڕۆییش بەشی من بێ تەمەنێ
بە کوڵ ئەگریم و ئەڵێم دیدە خومار
کوشتمی و کەس نییە تۆڵەم بسەنێ