کەژی سوورکێو لەبەرچی لووتی خۆت بەرز کردووە لێمان
سەرت ڕووت کردووە وەختە بگەیتە مەرتەبەی کەیوان
دڕندەی سەرزەمینت بۆ چ حەشارداوە لەناو خۆتا
لە خۆت گرد کردووە هەرچی کە بووەتە دوژمنی ئینسان
بەهارانیش هەرەس دێنی بەسەر ڕێبواری کوردانا
بەزستانیش بەسەرماکەت ئەخەیتە کاروان گریان
لەبەرچی بوویتە کانگای جەردە و دز دائم الاوقات
حەیاتی قەومی کوردت خستووەتە تەهلوکە و گیاندان
ئەوەند مەغروور مەبە، دەعیە و تەکەببور هێندە مەنوێنە
لە شاخی ئەلپ و ڕۆشۆز فەزڵی تۆ زیاتر نییە قوربان
زەمانێ دێ لەشت کون کون ئەکەن بۆ ڕێی شەمەندۆفەر
ئەبیتە ڕێگەیی مۆتۆڕ و ڕێبازی هەموو کوردان
قەدت قەدبڕ ئەکەن بۆ ئەبنییەی زۆر خۆشی وەک ئۆتێل
سەرت چاک تەخت ئەکەن بۆ ڕێگەیی گوڵزار و باغستان
دڕندە و وەحشیانت پێستی ئەگروون بۆ لەبەرکردن
دز و جەردەت هەموویان ئەبنە چایچی و خانچییی کاروان
بەڵام ئەوسا ئەبیتە مەنبەعی کەیف و سرووری خەلق
ئەبیتە جەننەتێکی بێ میسالی ئەهلی کوردستان
لە چوار ئەترافەوە عالەم بەدەستە دێنە سەیرانت
ئەچیتە ڕیزی شاخی ئەوروپا و کێوەکەی لوبنان
ئەوا من پێم وتی تۆ قەت لە یادت دەرنەچێ سوورکێو
لە فەسلی ئاتییا ئەم موشکیلاتە حەل ئەبێ ئاسان