شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: گفتوگۆ لەگەڵ شاخی سوورکێو کەژی سوورکێو لەبەرچی لووتی خۆت بەرز کردووە لێمان سەرت ڕووت کردووە وەختە بگەیتە مەرتەبەی کەیوان دڕندەی سەرزەمینت بۆ چ حەشارداوە لەناو خۆتا لە خۆت گرد کردووە هەرچی کە بووەتە دوژمنی ئینسان بەهارانیش هەرەس دێنی بەسەر ڕێبواری کوردانا بەزستانیش بەسەرماکەت ئەخەیتە کاروان گریان لەبەرچی بوویتە کانگای جەردە و دز دائم الاوقات حەیاتی قەومی کوردت خستووەتە تەهلوکە و گیاندان ئەوەند مەغروور مەبە، دەعیە و تەکەببور هێندە مەنوێنە لە شاخی ئەلپ و ڕۆشۆز فەزڵی تۆ زیاتر نییە قوربان زەمانێ دێ لەشت کون کون ئەکەن بۆ ڕێی شەمەندۆفەر ئەبیتە ڕێگەیی مۆتۆڕ و ڕێبازی هەموو کوردان قەدت قەدبڕ ئەکەن بۆ ئەبنییەی زۆر خۆشی وەک ئۆتێل سەرت چاک تەخت ئەکەن بۆ ڕێگەیی گوڵزار و باغستان دڕندە و وەحشیانت پێستی ئەگروون بۆ لەبەرکردن دز و جەردەت هەموویان ئەبنە چایچی و خانچییی کاروان بەڵام ئەوسا ئەبیتە مەنبەعی کەیف و سرووری خەلق ئەبیتە جەننەتێکی بێ میسالی ئەهلی کوردستان لە چوار ئەترافەوە عالەم بەدەستە دێنە سەیرانت ئەچیتە ڕیزی شاخی ئەوروپا و کێوەکەی لوبنان ئەوا من پێم وتی تۆ قەت لە یادت دەرنەچێ سوورکێو لە فەسلی ئاتییا ئەم موشکیلاتە حەل ئەبێ ئاسان ++++++++++++++++++++++