ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
بەختیار زێوەر دیوانی بەختیار زێوەر
٤٦. لەناو دۆڵی مێرگەپان
لەناو دۆڵی مێرگەپان
کوێستانەکەی کوردستان
ئەڕۆیشتم سەرگەردان
سەرمەستی دیمەنی جوان
لەم بن دار بۆ ئەو بن دار
وەک سەر لێشێواوی یار
سەرەوژوور و سەرەوخوار
ئەمکێڵا هەردە و نزار
لەم کانی بۆ ئەو کانی
وەک موغناتیسی گیانی
بە هێزێکی ئاسمانی
ڕائەکێشرام پەنهانی
پیرەمەگروونی شیرین
بە ڕەند و بەفری زیوین
بریسک و هووڕی ڕەنگین
ئەیدا لە گەردوونی شین
لەپڕ شەماڵی نازدار
پڕ لە بۆنی گیای نزار
بۆ سوپاسی کردگار
ئەشنایەوە جاروبار
پەپوولەی جوان و ڕەنگین
مەل بە ئاوازی شیرین
ڕمزن لەبۆ خۆشیی ژین
شاد ئەکەن دڵی غەمگین
دیمەنی ئەم وڵاتە
کە کانگای پیت و هاتە
چاوگەی هەوڵ و خەباتە
بەڵگەی نەمری ئاواتە
هەی هەی لە شوانی ڕەبەن
چەند بەجۆشە تەن بە تەن
وەک بگێڕێ زەماوەن
قریوەی دێ لە بەندەن
جار بە جار شمشاڵی جوان
ڕووئەکاتە ئاسمان
مارشی سەربەستیی ژیان
لێ ئەدا بە سەد عینوان
منیش بە نەشئە و خەیاڵ
لێم ڕوابوو پەڕ و باڵ
بۆ ماهی زەرد و سەر یاڵ
فڕکەم ئەکرد بێ ئاواڵ
ناکاو دەنگێکی پەنهان
هەروەک سروشتی یەزدان
بانگی کردم ئەی جوان
خاس بڕوانە مێرگەپان
سەیر ئەکەم زۆر هەرزەکار
هەموو چالاک و هوشیار
لەسەر دێبەر لە شوێن بار
هەڵئەسووڕێن بێ قەرار
ئیشکەر کاسب گورج وگۆڵ
لێیان هەڵماڵیوە قۆڵ
بەراو و دێم شیو و دۆڵ
ئەکێڵن بۆ پارەی مۆڵ
ئەمبینی کاکەی جووتیار
هێند کاسبە و بەدەمار
لەسەر دەستەدووێ هەوجاڕ
چەماوەتەوە بێدار
خۆ دەستە کچی نازدار
کە جوانترن لە هی شار
هێند سەربەستن و بەکار
پۆل پۆل ئەچوون بۆ بژار
نە بە سووراو و نە سپیاو
گۆڕیویانە دەم و چاو
بە کردە و جوانیی تەواو
ئینسان ئەخەنە ناو داو
لە کوێستانی خوار و ژوور
لەگەڵ وەنەوشە و چنوور
هەر لادێیی بێ غروور
ڕائەبوێرن بە سروور
بە هەوڵ و بە ڕەنجی شان
پەیا ئەکەن بەرگ و نان
هیچ کول نابن بۆ فەرمان
لەش سووکن و بەسەزمان
ئەمویست تا ژینم ماوە
لەو جێ خۆشە و سەرئاوە
گەر مشتێ پارەم داوە
زنجێک بکەم لەو ناوە
زنجێک جوان و سادەکار
خاڵی لە نەخش و نیگار
نەک وەکوو کۆشکی زۆردار
بکرێ بە خوێنی هەژار
ئنجا بە زۆری بازوو
خۆم ببوژێنمەوە زوو
لەسەر لەشێکی ماندوو
دەس بەرم بۆ ئارەزوو
ئەوسا بە گیانێکی پاک
ئەمتوانی بژیم بێ باک
ئەمتوانی بڵێم زۆر چاک
سەربەستم نابم بە خاک
١٩٤٥/٦/٢٩ سلێمانی

پەراوێز edit