ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
بەختیار زێوەر دیوانی بەختیار زێوەر
٢٧. بۆ لاوەکانی سەر ئێستگەی ڕادیۆی کوردستان لە یافا
دوێشەو لە دەستی پەستی پەنام بردە ڕادیۆ
ڕوانیمە ئێستگەکانی وڵاتانی سەربەخۆ
هەریەک بە ڕەنگێ دەنگی ئەهات پڕ لە جوستوجۆ
یافام کە کردەوە بە هیوای دانس و تیاترۆ
سۆزێکی نیشتمانی لە یافاوە هاتە گوێم
لەرزیم و ڕاپەڕیم لە قسەی ڕۆڵەکەی ئەوێم
بانگمان ئەکەن بە کوردیی پەتی وەک برا بژین
بۆ دوودڵی و خراپە نەچین چونکە تیا ئەچین
ڕێی یەکیەتی بە ئێمە ئەڵێن فەرزە گوێ گرین
لەم ڕۆڵە کوردە دڵ بەپەرۆشانە ئافەرین
هەی هەی چ بەرزە سەیر و هەوای ڕۆڵەکەی وڵات
حەیفە بەغەیری ئێستگەیی یافا ببێ لەلات
ڕەمزێکی کوردە دەنگی هەموویان شەپۆڵ شەپۆڵ
چالاک ئەگاتە شاریی و کوردانی شاخ و چۆڵ
گۆرانە چاوی دوشمنی کورد پڕ بکا لە خۆڵ
گەر بێ و بچێت و بەستە بڵێ جاربەجار ڕەشۆل
ئەوسا ئەبێتە سەیر و سەفا بۆ هەموو کەسێ
شادی ئەبارێ گەر بەری بۆ ڕادیۆ دەسێ
ئەی ژین وەرە بە عەشقی نەسیمی بەیانیان
پێشکەش بکە سوپاسی من و هۆز و نیشتمان
بۆ لاوەکانی ئێستگەی کوردی بە دڵ بە گیان
ئەم خزمەتەی ئەوانە کەوا کورد ئەدا نیشان
عەرزیان بکە کە بیری کەسی ئێرەیان نەکەن
ئەو ئیشەیان نموونەیە بۆ بەرزیی وەتەن

پەراوێز edit