ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
خوا بیدا بتبێ هەندێ دێمەکار
بنەتۆی خۆت جووتە گای بەکار
دوو مانگا و بیست سەر بزن و دە سەر مەڕ
ژنێکی دڵسۆز بۆت بێنێتە بەر
دوو بەڕە و چیغێ لەگەڵ چەرداخێ
لە شارەزوور بی یا پەنا شاخێ
لە تواناشا نەختێ بەخۆ بی
لە دوای هێڵی خۆت مەستی هۆ هۆ بی
بۆ خوێندەواریش هێندە بتوانی
ژین بخوێنییەوە و مەعنای بزانی
ئەگەر ئەمانە بۆ تۆ یەکگیر بێ
دەوڵەمەندی با ناوت فەقیر بێ
هیچ لازم ناکا خاوەن ئوتێل بی
بەدوای ئاواتا هەمیشە وێڵ بی
ژیانت پڕە لە شادی و خۆشی
لە ڕەنجی شانت ئەخۆی ئەنۆشی
نانێکت ئەبێ دەستدار و بێ دەس
دێن لەوێ ئەیخۆن بە کەیف و هەوەس
چونکە ژیانی ئێستەی شارستان
هەرکەس لێی دوور بێ نابینێ زیان
ڕۆژی کاسبی هەر دەس بڕینە
خزم و برایی بۆ ورگە شینە
خوێندن بۆ ناو و مەئمووریەتە
نەک بۆ خزمەتی موڵک و میللەتە
پارەداریش بی ئەبێ مەغروور بی
باشتر ئەوەیە کە لە شار دوور بی

پەراوێز edit