شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: ژیانێکی بێ غەم خوا بیدا بتبێ هەندێ دێمەکار بنەتۆی خۆت جووتە گای بەکار دوو مانگا و بیست سەر بزن و دە سەر مەڕ ژنێکی دڵسۆز بۆت بێنێتە بەر دوو بەڕە و چیغێ لەگەڵ چەرداخێ لە شارەزوور بی یا پەنا شاخێ لە تواناشا نەختێ بەخۆ بی لە دوای هێڵی خۆت مەستی هۆ هۆ بی بۆ خوێندەواریش هێندە بتوانی ژین بخوێنییەوە و مەعنای بزانی ئەگەر ئەمانە بۆ تۆ یەکگیر بێ دەوڵەمەندی با ناوت فەقیر بێ هیچ لازم ناکا خاوەن ئوتێل بی بەدوای ئاواتا هەمیشە وێڵ بی ژیانت پڕە لە شادی و خۆشی لە ڕەنجی شانت ئەخۆی ئەنۆشی نانێکت ئەبێ دەستدار و بێ دەس دێن لەوێ ئەیخۆن بە کەیف و هەوەس چونکە ژیانی ئێستەی شارستان هەرکەس لێی دوور بێ نابینێ زیان ڕۆژی کاسبی هەر دەس بڕینە خزم و برایی بۆ ورگە شینە خوێندن بۆ ناو و مەئمووریەتە نەک بۆ خزمەتی موڵک و میللەتە پارەداریش بی ئەبێ مەغروور بی باشتر ئەوەیە کە لە شار دوور بی ++++++++++++++++++++++