ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
بەختیار زێوەر دیوانی بەختیار زێوەر
١٨. وەرە ئەی دلبەری حەمیدە سیفات
وەرە ئەی دلبەری حەمیدە سیفات
موو کەمەر، لەب شەکەر، ئەنیسی حەیات
بەکەلامت شیفای دڵم بۆ دێ
بەنیگاهت بەجێ دەیێ ئاوات
بەقسەی من بکەی زەرەر ناکەی
چونکە من خادیمم بەعەزم و سەبات
جەوری تۆ خۆشە لام بەڵام جارێ
بێ ویساڵم نەکەی هەتاکو مەمات
دەردی عەشقت کوشندەیە گیانە
پێم کەرەم کە دەوا تەبیبی نەجات
من دەماغم لە حوببی تۆ مەستە
نامەوێ زەوقی عەتر و نوقڵ و نەبات
سەیری چیهرەت ئەکەم ئەوەند پاکە
سوورەتی خۆم دیارە وەک میرئات
بەقسەی خەڵکی خۆت مەتۆرێنە
دڵی فایق ئیتر مەڕەنجێنە
جاربەجارێ بەدیت ئەکەم لە خەوا
لە خەوی خۆش ئەبم لە نیوەشەوا
وا تەسەوور ئکەم پەشیمانی
لەو سزایەی بووەتە هەدەر بە هەوا
دڵنەواییم ئەدەی لە هیجرانم
پاش ئەوەی دڵ کە کەوتە ساز و نەوا
بارک الله چ پاکە گیانی تۆ
گوێ لە کەس مەگرە توبێ زاتی خوا
لە ڕقی دوژمنان وەرە چابە
هەر لە هیجرانی تۆیە دیدە ڕوا
سەردەمێ یار و هاودەمی من بووی
پێم بڵێ بۆچی ئیکە بۆت نەلوا
وا بزانم ئەبێتە دوژمنی تۆ
هەرکەسێ لەو جەمالی پاکە دوا
تا لە دنیایی ڕۆشنا ماوم
شەڕ و خێرت ئەنێمە سەرچاوم
کەوتە یادم مەحەببەتی جاران
ئیلتیفات و موساحەبە و عینوان
عیشووە و خەندە و تەبەسسومەکەت
مەحرەمی بەندە باخسووس قوربان
ئەو هەموو عەیش و نۆشە چوو لە دەسم
بێ پەنا ماوم ئێستە سەرگەردان
چۆن لە دووریت دڵم نەناڵێنی
چۆن لە هیجرەت سەرم نەبێ حەیران
چۆن هەناسەی دەروون نەگاتە فەلەک
چۆن جگەر لەت نەبێ لە داخی نیهان
چۆن نەڕێژم لە دیدە خوێناوێ
سەرزەمین تەڕ بکا وەکو باران
من ڕجات لێ ئەکەم ئیتر بەسمە
ئەم هەموو زیللەتە کە دیومە عەیان
ئێستە وەختی ویساڵی یارانە
عەسری بیستەم بەکەیفی ڕەندانە
تا هەوای عەشقی تۆ لەسەرما بێ
غەم لە دڵدا ئەبێ تەوەلا بێ
گیان دەبێ دائیما موفەڕڕەح بێ
تاجی زیللی ئەگەر لەسەر نابێ
ئێستە باکم لە تەعنی خەڵق نییە
لوتفی تۆ زەڕڕەیێ ئەگەر مابێ
بە سەری تۆ قەسەم نییە شک بەم
غەیری حوببت شتێ لە دڵما بێ
ئاخ لە دەس جەوری تۆ چ بێدارم
عاشقانت نزیکە شەیدا بێ
من لە دووریت دڵم بووە بە تەنوور
تۆش ئەڵێیت ئەم هەژارە ڕیسوا بێ
بۆ هیلاکی ژیان و زاماریم
چاری دەردم مەگەر لەمەولا بێ
تۆ حەبیبی بەڵام وەفا ناکەی
تۆ تەبیبی کەچی دەوا ناکەی
بۆیە پێم خۆشە گریەیی خوێنین
شۆرەزاری دڵم ئەکا ڕەنگین
وەکوو گوڵ پێی دەپشکوێ گیانم
چەشنی باران لە بۆ زەویی هاوین
تۆ لە بیرم نەچووی هەتا زیندووم
من لە بیرت ئەچم بەبێ تەحسین
وەرە لابە کودوورەتی قەلبم
دڵنیام کە لە فیرقەتی پڕ کین
وەرە با دوژمنان موکەددەر بن
ڕابوێرین بە شادی وەک پێشین
وەرە ئەی نەونەمامی پڕ عیشوە
چاوەڕوانت ئەکەم بە قەلبی حەزین
بە قودوومت سەرم لە ڕێتایە
گیان ئەکەم پێشکەشت بە سەد تەمگین
چاوەڕوانت ئەکەم بەخەو تاوێ
تۆش مەوەستە وەرە لە ناکاوێ
١٩٣٩/٠٦/٠١ ئاڵتوون کۆپری

پەراوێز edit