فیدای ڕوخساری ئاڵت بم ئەڵێی خورشیدی تابانە
بەڵا گەردانی باڵات بم وەکوو شمشادی بوستانە
لە سایەی تیغی ئەبرۆی تۆ، لە ڕۆژی حەشردا جانا
بیحەمدیللا حیسابی من لەگەڵ جەمعی شەهیدانە
دەزانی بۆچی مەسروورم، ئیشارەی کردمێ دولبەر
وتی حازر بە بۆ کوشتن بەیانی جەژنی قوربانە
لە ئاهم گەر بسووتێ ئاسمان باوەڕ بکەن ئەمشەو
ئیتر یاران، چ باکێکم لە سەردیی فەسڵی زستانە
کە زولفی عاریزی پۆشی وتم یا ڕەب چ سڕڕێکە
لە لایێ زوڵمەتی کوفرە، لە لایێ نووری ئیمانە
دەبێ کاول بێ موڵکی دڵ بە تاراجی سوپاهی خەم
هەتا شاهەنشەهی ئیشقت لەوێدا میسلی سوڵتانە
بە دەس بادی سەبا چونکە پەشێوە نەزمی زولفەینت
منی چارە سیا بۆیە هەموو نەزمم پەرێشانە
مەکەن تیماری زەخمی جەرگی تاهیر ئەی تەبیب ئاخر
بزانن با، لە حەشرا ئەو شەهیدی تیری موژگانە