لە من وایە ئەتۆ یارێکی جانی
لەبەر چی جارێ ئەحواڵت نەزانی
عەزیزم بۆ لە یاران بێ خەبەر بووی؟
لەلا خۆت ساقییە، بەزمی زەمانی
کەسێ خوا گەورەیی پێدا لە دنیا
ئەبێ زوو فێر ببێ ڕەسمی شەبانی
لە دڵیا لا نەبا نوقتەی محەبەت
نەکا یادی ڕەفیقانی جیهانی
ئەبێ گەورە بچووکی هەر لە بیر بێ
وەکوو یووسف لە ئەوقاتی گرانی
تەماشا کە سولەیمان شا چلۆن بووی
لەگەڵ موورێ نەزەرهایی نیهانی
خسوسەن تۆ کە ناوت شێخ لەتیفە
بحمدالله لە دنیا کامەرانی
ئەبێ لوتفت لە بۆ ئەمساڵ و مادوون
ببێ گەرچی سولەیمانی جیهانی
فڵان کەس دۆستی تۆیە لەتیفا
بە دەمتا نایە قەت مان و نەمانی
حەقی تۆ وا نییە وا بێ لەگەڵمان
نەکەی یادی موحیببانی زەمانی
لە شارباژێری دووریتا ویساڵی
زەلیلە وا، نییە مەعلووم ژیانی