سەیری وەزعی ڕۆزگار و دەوری چەرخی ئاسمان
چەندە ناهەموار و بەد بوو هەر لە بەختی شاعیران
عالەمی خستۆتە چاهی حەسرەت و جەور و جەفا
سەیری کە هەر کەس بە دەردێکۆ ئەکا ناڵە و فوغان
کوللی کەس وەک من گرفتارە لە داوی تووتنا
عالەمێ کەڕ بوو لە دەنگی ناڵەناڵ و ئەلئەمان
سەیر ئەکەم بۆ جەژنی قوربانم نەمابوو شەکر و چا
مەسڵەحەت وایە وتم سەعیی بکەم تا ماوە جان
نەختێکم تووتن بوو عەینی ماڵی خۆم، بۆ نەکبەتی
نەختێکی کەیشم کڕی هاتم لە قەوم و خوێشەکان
یەکبەیەک کۆم کردنەوە دام گرتن و کردم بە بار
بەم خەیاڵە بیفرۆشم یا بە جەهری یا نیهان
خوا وتی تەقدیری من تەدبیری تۆی ئیبتاڵ کرد
چۆن ئەبێ بێتە مەساف ڕێوی لەگەڵ فیلی زەمان
تێفکریم لەم کارەدا تەنبیهی تیا مەوجوود بوو
یەعنی ئیتر نەخڵەتابی دەست لە تووتن دەی عەیان
ئیشی تووتن لەم زەمانە ئەی برا زۆر موشکیلە
پیاوی عاقڵ خۆی لە تووتن ناگەیێنی بێگومان
من لە لا خۆم وام ئەزانی شەکر و چا هەرزان ئەکەم
نەمدەزانی گەر وەها دەبمە ئەسیری کافران
حەیفێ غەیبم پێ نەبوو ئەمزانی ئیش ساوا دەبێ
چونکە بۆ ڕیش هاتم ئەووەڵ چی سمێڵیشم نا لە بان
هەم ڕەفیقم پیاوی کەر بوو، یا ڕەبی خوا بیگرێ
وەک منی تووشی بەڵا کرد، خۆی بە سالم دەرچوان
وەک گونی هەللاج ئەلەرزی وا لە ترسانا بە شەو
جوو لە چاویا ئەینوان وەک ڕۆستەمی مازندەران
بیدیایە ڕێوییەک ئەو، هەر لە دوورۆ ڕای ئەکرد
پێم دەگوت بۆچ ڕادەکەی ئەیوت لەبەر شێری ژیان
ماکەرێکی پێ بوو جێی هێشت ساعەتەن ئەو ماکەرە
زەننی وا بوو ئەیکوژن ئەو ماکەرە پۆلیسەکان
گەر چی کەر بوو ڕۆیینی ڕێی وابوو هەر وەک ڕەوڕەوە
تەییی ئەرزی پێ ئەبوو هەر وەک تەیارەی ئاسمان
زاهیرەن کەر بوو وەلێ باتین لە سەد پیاوی وەکوو
قالە چاتر بوو، هەم عاقڵتر و هەم کارزان
چونکە ئەو گەر لێی گەڕایە ڕانەدەوەستا هیچ یەقین
بۆ خۆی ئەچووە لای مودیر و بۆی دەکرد بەحس و بەیان
ساعەتەن باسی دەهێنا بێدەنگ و بێ دەردیسەر
بۆ هەموو کار چاک بوو گەر وەری ئەگرت قەبزەی ئەمان
گەر ڕەفیقی کەر نەبوایە، سوێند ئەخۆم قەت ئەو کەرە
نەیدەبینی دەرد و زەحمەت چون کەرێ بوو نوکتەزان
دەفعەیێتر قەت کەری وا نابێتۆ بۆ خاوەنی
کەر نەبوو، باوەڕ بفەرموو، هەر پەری بوو وا جوان
نەک من و تۆ ساحێبی بەڵکو خوداش هەر خۆشی ویست
بۆیە وا ئێستا بە چاکی چۆتە سیلی سالیکان
بەم سلووکە وا دەزانم مەرتەبەی دەست کەوتووە
چونکە وا لە ئیعتیکافا بێت و نۆ ڕۆژە لە خان
صائم الدهره بە ڕۆژ و قائم اللیل بە شەو
ئێستە بیستوومە ئەوە سەر زاکیرە بۆ ئەهلی خان
ئەڵبەتە ئیسلامی ساغە بۆیە وا تووشی بەڵای
کرد و بیداتێ لە پاشا ڕاحەتی باغی جینان
گەرچی خۆشی ڕابوارد، خوا ئینتیقامی لێسەنۆ
بێ تەریقەت پێگەیی کاری هەموو لێ بوو عەیان
گوێ مەدەر عەیشی دنیا هیچە، خۆزگە بەو کەرە
چونکە دنیا نامێنێ باقی لەبۆ کەس با ئەمان
زۆر دەمێکە نەمدیوە لاکین هەموو عالەم دەڵێن
شوکری خالیق هەر ئەکا ئێستەش بە مسیلی زاهیدان
دەستی کەوت ڕوتبەی شەهادەت، ئەو بە دوو سێ مەرتەبە
یەک بە غوربەت، دوو بە ناحەق، سێ ئەسیری کافران
کەریەتی قالە عەجەب تەئسیری بۆ ئەو کردبوو
چونکە خۆی وا کەر نەبوو، بڕوا بەبێ نام و نیشان
بەحسی بێ نامووسی ئەو هەر ناکرێ هەم تووتنەکەت
بێتە ڕووی مەیدان و دائیم بیکەوە ویردی زوبان
تووتنەکەم تووتن نەبوو، چی بکەم خودا بۆ تووتنەکەم
ساحێبی عەتر و عەبیر بوو وەک ڕیاحەینی جینان
هەر ئەوەندەم بوو لە ماڵا قاضی الحاجات بێ
عاقیبەت خالق ئەویشی خستە داوی زاڵمان
هەر کەسێ کاری خراپ کرد، سا لە ڕەحمەت دوور بێ
تا ئەکا ئیتر خەیاڵی غەسبی ماڵی موسلیمان
وا عەیانە لێم ئەمین بەگ نائەمینی میللەتە
کاری چاکی هەر نییە و نەبوە لەبۆ ئەهلی جیهان
عالەمی ئیسلام لە چنگیا زۆر زەلیلە سا خودا
بیخەیە بەر بادی غەززەب، مانەندی قەومی عادیان
کوشتنی واجیب بووە ئێستا بە شەرعی ئەحمەدی
چونکە بۆتە موفسید و هەم فیتنەیی ئاخر زەمان
هەر کەسێ لام بیکوژێ تەحقیقە دەستنی سەوز ئەبێ
چون عەدووی ئەهلی عیلمە هەم جەمیعی سەییدان
ئەلحەق ئێستا چاکە بۆ مەولوود بە نامی کەلبەوە
بیکوژێ دنیا بکا ئیتر بە باغی کاسبان
هەروەکوو مەشهوورە ئیسمی بێت و ئەم فەتحەش بکا
حەیدەر ئاسا هەم لە دنیا بۆی ئەبێتە داستان
ئەی خۆدا چی بکەم لە چنگ بەختی کەچ و هەم یاری کەچ؟
سەیری کە خۆیشم کەچم، بەم سێ کەچە، نامیهرەبان
ئەی ویساڵی من بڵێم چی تووتن و حیمارەکەت
هەردووکی خواردن ئەمین بەگ، بۆتە فیرعەونی زەمان