لەم زەمانە هەر کەسێ هات و وتی من ناتیقم
هەرزەگۆ هەرگیز بە خۆی ناڵێ حیماری ناهیقم
بۆ بمێنم ئەبلە لافی عەقڵ و دانش لێ ئەدا
هەرزە تەبعێ بێ دیانەت، دێ دەڵێ من عاشقم
بۆ چی نەمرم جاهیلی موتڵەق دەکا دەعوا کە من
جامیعی عیلم و ڕسوومم بۆ هەموو شت لایقم
مودەعی شەرمی نییە ئیزهاری ئیخلاسی دەکا
دێت دەڵێ وەڵلاهی لەگەڵ تۆ یاری جانی و سادیقم
بۆ بژیم دویناپەرست، بێ خەبەر هەر دێ دەڵێ
چونکە عاقڵمەند فەرزانم بە دائیم فاسیقم
هەردەمە جانتا بە شانێ دێت دەڵێ لە کوێ نەخۆش
چونکە بۆ دەردی هەموو عیللەت تەبیبی حازیقم
یاخودا وابێ کە نادان دێ دەڵێ بۆ خۆم دێم
بێ حیساب و کەشمەکەش بۆ قەسری جەننەت حازرم
وەک بە کوردیم پێ وتی، ئاداب و نامووس و کەرەم
هەر نەفامێ دێت دەڵێ بۆ عادة الله خاریقم
تو خودا نەفعی چییە دونیا کە دینی پێ دەدەن
ئەی محەممەد من بە بوونی ڕەحمەتی حەق واسیقم