ئەگەر ئەپرسن ئەحواڵی سەعید
حاڵی پەشێوە سەعیدی بەعید
هەر وەک بایەقووش هێلانە شێواو
بێ ڕەفێق ماوە، کامیلەن سەعید
زاهیر زەمانەی ناموساعیدە
ناوی سەعیدە، بەختی ناسەعید
ئەچێژێ سەعید دائیم بە بێکەس
وەک جەهەننەمی عەزابی شەدید
لەم چۆڵ و هۆڵە پەرێشانحاڵە
هەر ڕۆژە جەژنی ئەکا بەبێ عید
هەر چەند هەوڵ ئەدا دەستی ناکەوێ
ناشوکری نەبێ لە کۆنە و جەدید
لە قۆچی قشلاخ هەر هاوارییە
بەجێ ما و لە خێڵ، یاری نەوڕەسید
خولاسەی کەلام ئەمە حاڵی نییە
داویە بە سەعید، حەمید و مەجید
کاری شەیتانە کە ئیش ساز نابێ
هەر بە لەعنەت بێ شەیتانی مەرید
هەموو هەر غەرقین لە گێژی دنیا
هێشتا هەر ئەڵێ فهل من مزید
هەموو گیرۆدەی ئومێد و بیمین
کەی ئەبێ وەعدە و نەجات لە وەعید
ڕەمەزان مانگێکە بۆ هەموو عالەم
دوای ئەبینن بەعام ڕۆژی عید
ساڵ بۆ من و ئەو هەر ڕەمەزانە
مەگەر خوا حەز کا نزیک بین لە عید
ویساڵی و سەعید زەحمەت خەلاس بن
لە عیجزی غەم و ئەندۆهی مەدید