دووکەڵی جەور و خیانەت ئاسمانی دینی گرت
کورد لەبەر شوومی و نەزانین شێوەیی بێدینی گرت
نەگبەتی ئێمەش بوو حەتتا دەوڵەتی بەرلینی گرت
ئاگری جەهل و نەزانین وا بەجارێ تینی گرت
وا بڵێسەی ناوقەدی خەرمانی چاکەی ژینی گرت
چونکە بۆ یەکتر نەبوون کورد پاک و ڕاست و بێ خەلەل
پاکی بێبەش بوو لە فەیزی کەسب و زانین و عەمەل
وا لە تاریکی هەموو کەوتوون و گومڕا و کوێر و شەل
سەیری گیتی کە ئەزانی ڕۆژی تەقسیمی ئەزەل
کوللی میللەت جەژنی شادی گرت و کوردیش شینی گرت
میللەتی کورد زۆر فەقیرە سەیری چەند بێ دەست و پا
وا لەژێر باری گرانی غەیرەدا پشتی شکا
پشتی زامار کرد خەریکە جەرگیشی کون کون بکا
تیری تەقسیری جەفاکارانی زاڵم بێ خەتا
گۆشەیی جەرگی ئەهالی عاجز و غەمگینی گرت
باعیسی دوودی دەروونە ڕەش بووە شاخی وەتەن
هەر لە ترسی زوڵمە عالەم لێم بوونەتە؟ وەتەن
حەیفێ نەمزانی لە دەس چوو کوشتینی داخی وەتەن
سەددی گەورەی دەفعی دوشمن عیلمە بۆ باخی وەتەن
جا کەوا بێ کوردی جاهیل باغی بێ پەرژینی گرت
تۆ کە نیتە سەروەت و موحتاجی هەر بۆ یەک فلووس
پایەبەرزی بۆ تۆ نابێ، مەگرە ئەسبابی جلووس
خەرتەل ئاسا دەوری لاکی تۆ ئەدەن ئینگلیز و ڕووس
ڕوو لە زانین گەر نەکەی تۆ، پەشمە تیعدادی نفووس
بۆ دڕینی ورگی... بێ کە گورگی قینی گرت
عیلم و فەن بوو ئەوروپای گێڕا بە فەوقی ئاسیا
ئێمە چونکە جاهلین هەر بارکێش و ناڕەوا
واسیتەی سەرکەوتنە عیلم و عەمەل بۆ هەر دوو لا
هەر لە سایەی عیلم و زانین بوو کە دەستەی ئەورووپا
ئەم فەزایەی بەینی ئەرز و ئاسمانی شینی گرت
سەیری ئەم بەدبەختییە ڕووی کردە کوردی ماڵ وێران
چونکە بۆ هیچ لا نیمانە سنعەت و کەسبی جوان
جا مەگەر ئێمە لە دوو لا خاک بەسەر کەین بۆ ژیان
بێینەوە سەر باسی قەومی کوردی کورتی هیچنەزان
تاجی عیرفانی فڕێدا، کەوتە عارەق چینی گرت
واعیزا تاکەی بە ڕیشی پان و هەم وەعزی ڕیا
سەیری ئەم ئیسلامە جوانە پاکت خستە حەلوەلا
بەس بڵێ ڕیش پانی سک زل، نامەوێ وەعزی وەها
دین و دنیا گرتنی پێویستە تو خودا ئەی مەلا
بەس بڵێ دنیا تەواوە بەسیە هەر کەس دینی گرت
ماڵی عالەمیان وێران کرد هەر بە سێ کەس تۆ خودا
نەکبەتی کوردی فەقیرە ئەم سێیەش بووتە بەڵا
موختەسەر هەر سێ ئەکەن تاڵانی میللەت ئاشکرا
بێ کینایەت خۆشە نووسین، شێخ و ئاغا و نامەلا
دەستی کار و قاچی هەوڵ و چاوی تێکۆشینی گرت
ئیش و کاری ئێمە بۆتە خواردن و پۆشین و خەو
خەڵق شەویشی بوو بە ڕۆژ، ئێمە ڕۆژمان بۆتە شەو
شوغڵی خەڵقی عیلم و فەننە، ئیشی ئێمەیش ڕاوەکەو
چەرچل و ڕۆزفل خەریکی ڕاوی غایەن ڕۆژ و شەو
گەورەکەی ئێمەیش بەبێ غەم پرچی پوور نەخشینی گرت
ساقیا دڵ ئینتیزاری کاسە قەت لۆمەی مەکە
زەرد و وشکە وەک پەڵاسە لێوی قەت لۆمەی مەکە
بێ قەراری تیری تانەی ناسە قەت لۆمەی مەکە
دڵ گرفتاری خەزانی یاسە قەت لۆمەی مەکە
گەر بە دائیم میسلی بولبول شێوەیی ناڵینی گرت
ئەی ویساڵی تۆیش وەکوو پەروانە بۆ دیداری شەم
خۆت لەبۆ سووتان دەبێ حازر بکەی بێ زیاد و کەم
ڕۆح فیدا کە بۆ ویساڵی خەتت و خاڵ و کوڵم و دەم
بۆ فیداکاری نەبوو فانی کە دەستی کاکە مەم
سێوی زیوینی چەناگەی جوانی خاتووزینی گرت