برای شیرینم ئەی کاکی خۆش ڕەوت
ئاگادارت بێ ساحێبی مزگەوت
دەخیل سەد دەخیل فریامان کەوە
با لە تاریکی شەوا نەبین فەوت
یەک تەنەکە نەوت بە زووترین کات
ئەبێ پەیدا کەیت، هەر چۆن بۆت هەڵکەوت
ئەگەر زووبەزوو بۆمان نەنێری
ئەبێ هەموومان سەر بنێین لە جەوت
کاتێ ئەچمەوە ئێوارە بۆ ماڵ
ئەو ماڵە لە من ئەبێ ئەشکەوت
شەوێ تا سەحەر لەلا خۆم ئەنووم
ئێستاش و ئەوسایش چاوم هەر نەخەوت
بە شەو تەماشای سەعات کە ئەکەم
تاریکی هەشتم لێ ئەکا بە حەوت
ئەی داد زەمانە لەبەر بێ نەوتی
چلۆن عالەمت خستە کەوتن و ڕەوت
گەلێ هەوڵم دا بە هەر چوار لادا
لەم تەنگانەدا کەس فریام نەکەوت
سکاڵام زۆر کرد لا قەومان و خوێش
فائیدەی نەبوو نەوتم دەست کەوت
ئەگەر تۆش نەوتی بۆ پەیدا نەکەی
لە شیعرا ناوت ئەبا بە جل چەوت
هیچ لێم مەپرسە ئەحواڵت چۆنە
سەر لێ شێواوم کاکە بەبێ نەوت
ویساڵی حەتمەن نەوتی ئەوێ لێت
ئیتر مەیدەرێ لەوە زیاتر سەوت