تەماشا تەلعەتی یارم وەکوو خورشیدی تابانە
بە هەیئەت قامەتی بەرزی دەڵێی شمشادی بوستانە
ئەگەر بێ تاقی دوو ئەبرۆی لە دنیا ساتێ مەعدووم بێ
بە جارێ عالەمی ئێسلام بە بێ قەبیلە پەرێشانە
بە زاهیر شکڵی ئینسانە، بە مەعنا حۆری ڕیزوانە
تەماشا عەکسی ڕوویی کەن لە چاومدا نومایانە
لە داغی تاقی ئەبرۆیی و لە حەسرەت پیاڵەیی چاوی
بە نوعێ خەم بووە پشتم شەبیهی خەمی چۆگانە
لە ناوی عەنبەری زوڵفی ئەوەندە زار و گریاوم
بە ئاهی سەرد و ئەشکی سوور، کەنارم وەک گولستانە
دەەرونم پڕ لە نازی عەشقی دڵدارە وەکوو مەجمەر
دڵم ڕەش بوو خەڵووزئاسا، جگەر پەرداغی پەیمانە
قەرارم لێ بڕا چی بکەم، بە شوعلەی شەمعی ڕوخساری
مەگەر پەروانە وەک من بێ لە دەوری شەمعی دەورانە
بە دەسک و دۆڵی غەم ئەعزای کوتاوم چەرخ وەکوو چەڵتووک
نییە قووەی هەڵستانم، وجوودم وا پەرێشانە
لە تیرئەندازیا میسلی نییە ئەو شۆخە شیرینە
بە غەمزەی تاقی سەد خەسرەو کوژراوی تیر و پەیکانە
وەها ئەفسوردەیە جیسمم بە گەرمی گەرمیانی گەرم
وجوودم بێ وجوود ماوە لە بۆتەی شێوی مۆڵانە
ویساڵی شیفتەیی یارە، بە دائیم چاوی خونبارە
مەگەر جەرگی بریندارە، دوو لەعلی یاری دەرمانە