ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
١٠٤. برادەر هەر کەسێ چا بێ دەبێ ئەو یاوەری چا بێ
برادەر هەر کەسێ چا بێ، دەبێ ئەو یاوەری چا بێ
لەگەڵ ئەسبابی چایی حازر و دائیم موهەییا بێ
کە چا بێ هەر لەگەڵ چا بێ، بە چا بێ مونیسی چا بێ
بە چا بێ نیسبەتی چا بێ، کە چا بێ هەمسەری چا بێ
لە دنیا چایە مەمدووحە، بەبێ چا عەیش مەقبووحە
بە چا مەیخانە مەنجووحە، بە چایە مەجلیس ئارا بێ
ئەگەر چا بی دەبێ چا بی، لە مەئوایەکی زۆر چا بێ
لە قۆناغێکی زیبایی، نەوەک شوبهی کڵێسا بێ
نە جێگایێکی ناشەق بێ، دڵی تێدا موعەووەق بێ
نەوەک حوجرەی موعەللەق بێ کە جێگای بەرد و سەرما بێ
نەوەک حوجرەی موخەندەق بێ، دڵی تێدا مورەووەق بێ
نە میسلی وەکری لەقلەق بێ زەلیل و گێژ و هەم با بێ
نە جێگایێکی وا تەنگ بێ، وەکوو مەئوایی مێشەنگ بێ
نە خانەی پیس و بەدڕەنگ بێ، بە عەینی دەبۆ وابێ
نە جێگایێکی بێ دار بێ، هەموو کەس لێی بە هاوار بێ
نە قەبز و پەرت و پەندار بێ، موغارەی دێو و سەحرا بێ
نە خانەی مار و عەقرەب بێ، نە جێگەی ئەسب و مەرکەب بێ
نە جێی منداڵ و مەکتەب بێ، نە سەقفی سەتحی ڕووخا بێ
نە میسلی قەیسەری وا بێ، بە دائیم پڕ لە سەرما بێ
نە وەک توونی حەمام وا بێ، کە ساحێب تار و هەودا بێ
نە جێگەی خەوف و دەهشەت بێ، نە قەبرئاسا بە زوڵمەت بێ
نە جێی ئافات و عیللەت بێ، نە جێگەی شین و غەوغا بێ
نە حوجرەی کونکوناوی بێ، لەگەڵ سەحرا موساوی بێ
نە تامانی بیاوی بێ، شیاکەی پێوە نووسا بێ
نە پڕ زیڵ و گڵاوی بێ، دڵۆپەی بان گوڵاوی بێ
نەوەک جێی دووکەڵاوی بێ، بە دوودی دیدە ئەعما بێ
نە جێگەی تۆز و هەم غەم بێ، نە جێی ڕوباه و زەیغەم بێ
نە جێی بێ عەقل و ئەبکەم بێ، نە جێگەی گەبر و تەرسا بێ
نەوەک حوجرەی؟ ناوی، نەویی و بەرز و هەرداوی
عەجەب ناخۆش و باداوی، بە میسلی توونی بابا بێ
نە دار و بار و هەرزاڵی، لەبالەب بێ لە سیپاڵی
بە گۆزەی کووپەیی خاڵی، سەراسەر ڕێگە گیرا بێ
نە هێندە بێ سەروپا بێ، کەسێکی گەر لە نێودا بێ
کە سبحەینێ هەڵستا بێ، سەراسیمەی عەجەب مابێ
کە بێتە دەر لە سیپاڵی، شکابێ لاقی و باڵی
کە دیققەت کا لە ئەحواڵی، بە جوزئی ڕۆحی تیا مابێ
ئەگەر جێی عەقرەب و مارە، مەکانی ڕەنج و ئازارە
کەسی تێدا بێ ناچارە، دەبێ قەسدی مودارا بێ
نە ئەبلە و ناکەسی لێ بێ، نە بەدکارێ دراوسێ بێ
کە وابێ، گووی خلەی تێ بێ، ئەگەر ئەو جێگە جێی چا بێ
لەنێو ئەم ئەهلی دنیایە، ڕسووم و قاعیدە وایە
سەدارەت لایقی شایە، سیاسەت بۆ کەر و گا بێ
فەقیرە ڕووت و دڵ خەستە، عەزیزە مەستی سەربەستە
شەهێنە هەر لەسەر دەستە، سەگە گەر جێی لە دەرگا بێ
لە سەر ئەم ئەرزە ڕەنگینە، خەبیس بۆ پیسە ببینە
کە چا بۆ قەندی شیرینە، نیکۆیی بۆ بەدان نابێ
بەڵێ هەر چیزە بۆ چیزێ، ئەنێرێ چیزێ بۆ چیزێ
بەڵێ هەر ڕیزە بۆ ڕیزێ، خراپە نابێ بۆ چا بێ
وەکوو ئینگلیز و عوسمانی، وەکوو بولغار و یۆنانی
شەبیهی ڕووس و ئەڵمانی، لەگەڵ یەکدا دەڕوا بێ
مەقامی توونچی هەر توونە، ڕەفیقی لۆتی مەیموونە
خەزێنە ماڵی قاڕوونە، عەسا بۆ دەستی مووسا بێ
چ حاجەت تۆ بڵێی وایە، کە نەرگس مەست و شەهلایە
شەهی مەجنوون کە لەیلایە، مەهی وامیق کە عوزرا بێ
سولەیمان زەوجی بەلقیسە، عەزازیل کاری تەلبیسە
خەیاتی ئیشی ئیدریسە، کەرامەت بۆ مەسیحا بێ
سەخاوەت بۆ کەریمانە، ڕەزیلی بۆ بەخیلانە
حەماقەت ڕەسمی نادانە، فەراسەت کاری دانا بێ
ئەگەر ئاتەش ئەگەر دوودە، لەبۆ شەدداد و نەمروودە
جەهەننەم سونعی مەعبوودە، لەبۆ کوفاری دونیا بێ
ئەمە تەقسیمی سوبحانە، کە حیکمەت کاری لوقمانە
خزر بۆ ئابی حەیوانە، سکەندەر موتەللیع نابێ
ئەگەر یوونس نیهانی بێ، مەکانی بەتنی ماهی بێ
چ شەو بێ یا بەیانی بێ، بە ئەمری حەق دەبێ وا بێ
ئەمە تەقدیری مەولایە، کە داوود حەنجەرەی چایە
ئەگەر یووسف دڵارایە، زوڵەیخا بۆی پەشێوا بێ
ئەنیسی ڕەندە هەر ڕەندە، ڕەفیقی چایە هەر قەندە
حەریفە مائیلی پەندە، ڕەقیبە جێی کەمینگا بێ
عەبایە قابیلی شانە، کەپەنکە بەرگی چۆپانە
لەتافەت بۆ جوانانە، کیتابەت ئیشی میرزا بێ
بەهەشت بۆ سادق بێ، سەعیرە بۆ مونافیق بێ
ئەوە بۆ ئێمە لایق بێ، ئەمیش با جێی نەسارا بێ
بەشی من تەبعی مەوزوونە، شەرابم غوسسە و خوونە
سورشکم شیبهی جەیحوونە، بە میسلی شەتتی بەغدا بێ
غەزەل دڵدار و دڵبەرمە، کیتابەت ئەفسەری سەرمە
فەساحەت بەرگی مەخمەرە، خودا بیدا دەبێ وابێ
کەسێ ناییل بە دەوڵەت بێ، نەسیبی گەر بە ڕەحمەت بێ
دەبێ غەرقی عیبادەت بێ، خەریکی شوکری ئەڵڵا بێ
ئەگەر وا بێ عەیبدارە، مەقامێکی بە ئازارە
هەموو کەس لێی بە هاوارە، مەقامی چا دەبێ چا بێ
ئەگەر هات و کەسێ ئەمڕۆ سوئالی کرد لە جێی نیکۆ
مەکانی قەرقەفی خۆشبۆ، دەبێ چۆن بێ دەبێ چا بێ
ویساڵی تۆ ئەگەر دانی، جوابی دە بە ئاسانی
شەبیهی ئاسەفی سانی، بڵێ قەسرێکی ئاوا بێ
دەبێ حوجرەی موزەییەن بێ، دەبێ ساقی موعەییەن بێ
لە هەر جانیب موبەییەن بێ، نەوایی ساز و گۆیا بێ
دەبێ تاقی موقەووەس بێ، فرووشی سەحنی ئەتڵەس بێ
هەموو جانیب موقەڕنەس بێ، وەکوو قەسری زوڵەیخا بێ
دەبێ ئەو سەقفە نەیڕەنگ بێ، شەبیهی قەسری حەو ڕەنگ
سەدایی تار و هەم چەنگ بێ، وەکوو مەیخانە ئاوا بێ
دەبێ دیواری ئەو زەڕ بێ، هەموو ئەترافی زێوەر بێ
لە نێویا میشکی ئەزفەر بێ، وەکوو ڕەیحانە بۆیا بێ
بە فەوق و تەحت و حانووتی، بە کورسی و تەختی زومڕوتی
بە کاهی دوڕڕ و یاقووتی، وەکوو قەلعەی شەهنشا بێ
چ قەلعە فەرقی گونبەد بێ، بناغەی ئەو زوموڕڕەد بێ
دەبێ پایەی زوبەرجەد بێ، هەموو دەروازە پۆڵا بێ
منارەی خشتی گەوهەر بێ، ستوونی سیم و هەم زەڕ بێ
مەکانی دوڕڕ و جەوهەر بێ، شەبیهی تاقی کەسرا بێ
سەریری مەرجان بێ، وەکوو تەختی سولەیمان بێ
لەسەر ئەو حوور و ویلدان بێ، فرووشی قەزز و دیبا بێ
قەنادیلی لە گەوهەر بێ، لەسەر وی شەمعی ئەنوەر بێ
سەراپەردەی موجەوهەر بێ، وەکوو قەسری موعەللا بێ
قوسووری سەبز و ئەحمەر بێ، دەری سەقفی موعەنبەر بێ
مەسیری ماه و ئەختەر بێ، بەوێنەی تاقی مینا بێ
دەبێ ئاوی موتەههەر بێ، نەزیری حەوزی کەوسەر بێ
شەرابی حور و گوڵبەر بێ، وەکوو شەهدی موجەففا بێ
دەبێ ئەو خاکی ئەفخەر بێ، سەراسەر تاج و ئەفسەر بێ
مەقامی میشک و عەنبەر بێ، میسالی خاکی تاتا بێ
بە شەمعی ئەیوان ئەنوەر بێ، ڕەفەی یاقووتی ئەحمەر بێ
نیقابی سەتحی ئەخزەر بێ، وەکوو عەرشی موعەللا بێ
بە فانۆس و چراخانی، لە دەهلیز و لە ئەیوانی
لە شەوقی شیشەبەندانی، جیهان یەک دەفعە ئاوا بێ
حەسار و دیواری، مورەسسەع بێ بە مرواری
لە شوعلەی عەکسی ئەنواری، شەوی تاریکی بەیزا بێ
بە وێنەی قەسری خاقانی، مەیانی سەحن و دیوانی
کەنار و سەتح و سەربانی، بە زیو و زەڕ موتەللا بێ
لە دەورەی باغی عەرعەر بێ، سەهی و سەرو و زەوبەر بێ
بە لالە و عوود و نەستەر بێ، وەکوو فیردەوسی ئەعلا بێ
دەبێ مەئوایی غیلمان بێ، دەبێ جێی تەیر و مورغان بێ
دەبێ ساقی لە مەیدان بێ، وەکوو یاری دڵارا بێ
چ ساقی عەنبەرین گێسوو، گوڵ ئەندامێکی میشکین بوو
کەبک سەیر و ڕەوشت ئاهوو، وەکوو تاووسی ڕەعنا بێ
بەرابەر شاهید و دڵبەر، لە نێودا ساقی و سیمبەر
شەبیهی مەجلیسی قەیسەر، میسالی بەزمی دارا بێ
بە باغات و بە گوڵزاری، بە سەرو و عەرعەر و ناری
بە ئاوی حەوز و جۆباری، وەکوو باغی ئیرەم وا بێ
چ باغی ڕۆح ئەفزا، مەکانی سونبول و گوڵها
بە دەنگی تەیر و بولبولها، عەجەب جەللابی دڵها بێ
چ باغێ پڕ لە ڕەیحان بێ مەقامی سوحبەت و سەیران
حەساتی عەنبەر و مەرجان، تورابی میشک ئاسا بێ
دەبێ حەوزی لەبەر دەر بێ، کەناری بەردی مەڕمەڕ بێ
فوارەی ناوی گەوهەر بێ، بە گەنجی تورەنپا بێ
حەریری چینی بوستەر بێ، سەرینی عەینی مەخمەر بێ
لەسەر ئەو ماهی ئەنوەر بێ، عەجەب یارێکی زیبا بێ
لەحاقی قەزز و ئەتڵەس بێ، لە نێویا یاری نەوڕەس بێ
ئەمە فەرزی هەموو کەس بێ، کە عەشقی وی لەسەردا بێ
چ یارێ، یاری یاری بێ، مەهی بورجی تەلاری بێ
خەریکی غەمزەکاری بێ، بە چاوی فیتنە گیرا بێ
چ یارێ، یاری دڵبەر بێ، جوان و شووش و ئەسمەر بێ
دەبێ هەمتایی ئەختەر بێ، وەکوو ئاهوویی سەحرا بێ
دوو زوڵفی ئەو موسەلسەل بێ، دوو پایی ئەو موخەلخەل بێ
دوو چاوانی موکەححەل بێ، بە نازی سورمە کێشا بێ
چ یارێ ماهی پەیکەر بێ، چ یارێ تورکی سیمبەر بێ
چ یارێ، یارێ گوڵبەر بێ، دەبێ میسلی زوڵەیخا بێ
دەبێ چەشمان موعەتتەل بێ، دەبێ ساف و موسەققەل بێ
لە نێو حووران موفەززەل بێ، وەکوو عوزرا و سەلما بێ
دەبێ باڵا زەوبەر بێ، لەبی وەک شەهد و شەککەر بێ
دەهان و دورجی گەوهەر بێ، ددانی دوڕڕی دەریا بێ
زەقەن چون سیمی ئەحمەر بێ، دەبێ خەددی موعەنبەر بێ
گوارەی گوێی لە گەوهەر بێ، وەکوو عیقدی سورەییا بێ
دەبێ بەرگی لە ئەستەر بێ دیباری بوستەر بێ
دەبێ ئەو حووری گوڵبەر بێ، خەرامان قومری ئاسا بێ
لەگەڵ ئەم عەیش و ئەحواڵە، لەگەڵ ئەم بەخت و ئیقباڵە
لەگەڵ ئەم یاری نەوساڵە، چ خۆشە هەمسەرت چا بێ
چ خۆشە پیاو لەگەڵ یاری، بچێتە پەردەیی یاری
چەتارەی سوور مەیلداری، لە غوڕفە قەسری هەڵدابێ
چ خۆشە چاکە بنوێنی، چ خۆشە چاکە بستێنی
ڕەگی بەدکاری بپسێنی، لە قەیدی میحنەت ئازا بێ
حەقیقەت چی بڵێی وایە، فەقەت عیقدی لە دڵدایە
چ مەردێ لاییقی چایە، چ مەردێ لێی موبەڕڕا بێ
ویساڵی تۆ وەرە مەیدان، جوابی دە وەکوو مەردان
کەسێ چاکە لە نێو خووبان، کە چاکەی ئەو هووەیدا بێ
دەبێ وابێ کە حاتەم بێ، دەبێ دارایی خاتەم بێ
نە غەرقی بەحری ماتەم بێ، بە میسلی پیرەزەنها بێ
کەسێ تالیب بە چایی بێ، دەبێ لاییق بە شاهی بێ
نە کوردێکی بەرانی بێ، سەفیه و ڕوو بە سەحرا بێ
کەسێ ئەهلی تەبیعەت بێ، دەبێ بۆ چا بە ڕەغبەت بێ
لە دووری چا بە میحنەت بێ، دەبێ غوربەتکەشی چا بێ
دەبێ ساحێب تەکەللوم بێ، دەبێ ساحێب تەڕەحوم بێ
نەبێ خەندە و تەبەسوم بێ، بە عەینی وەک موقەببا بێ
دەبێ ئەسڵی بە پاکی بێ، دەبێ خۆی نەسلی چاکی بێ
سەعادەت باب و داکی بێ، کە یەعنی دۆڕڕی یەکتا بێ
دەبێ کانی مەلاحەت بێ، لەسەر لەهجەی فەساحەت بێ
لەسەر ڕێگەی سەلاحەت بێ، ڕەشیدی هەردوو دنیا بێ
نەوابێ تەبعی بێ دڵ بێ، لە بوخلا شوبهی مودخەل بێ
نە کاکۆڵی لە پشت مل بێ، نە ئەو تەپلەی لەسەر نابێ
نە بێ نامووس و عیسمەت بێ، لە دونیا بێ مرووەت بێ
نە ئەو تالیب بە ڕشوەت بێ، وەکوو قازی ئاوێستا بێ
نە وەک فیرعەون و هەرقل بێ، خەریکی کاری باتیل بێ
لە فکری تۆبە غافڵ بێ، لە مەحشەر کوێر و ڕسوا بێ
نە هەرز و شێت و ئەحمەق بێ، لە قەیدی عەقڵی موتڵەق بێ
نە وەک کەر دێز و گوێ لەق بێ، بەدائیم هەر لە گەڵ گا بێ
نە ئەو بێ عەقڵ و کەودەن بێ، وەکوو حەیوانی پێزەن بێ
نە ئەو پشتیری مەسکەن بێ، ڕەفیقی عیجل و مانگا بێ
نە عەفعەف قیسسەیی ئەو بێ، نە ڕوژدی حیسسەیی ئەو بێ
نە کورتان حوللەیی ئەو بێ، نە وەک گا گزنی پەر چا بێ
نە ڕووگرژ و غەزەنفەر بێ، بۆ نانێ تاڵیبی شەڕ بێ
نەوا بەدفیعل و بەدفەڕ بێ، بە ڕق ناوچاوی تێک نابێ
دەبێ خۆشخوڵق و خۆشخوو بێ، لەگەڵ میهمانی خۆشروو بێ
درەنگ وەقتیشی پێ زوو بێ، بەدائیم بەزلە گۆیا بێ
دەبێ عەینی حەلاوەت بێ، قسەی ساحێب تەراوەت بێ
دەبێ کانی سەخاوەت بێ، سەخا تاجی لەسەر نابێ
نە عالی بێ لە مەنسەبدا، وەکوو کەر بێ لە مەکتەبدا
لە نێو جەهلی مورەککەبدا، وەکوو گۆساڵە داما بێ
نە وەک حەیوانی کێوی بێ، ئەنیسی گورگ و ڕێوی بێ
حەشیشی دەشت شێوی بێ، چەقەڵ دەم ڕەنگی تێ نابێ
نە وەک کەر منجەمنجی بێ، لە گێژییدا برنجی بێ
نە جببەی ئەو فەرەنجی بێ، عەمامەی پووشە خورما بێ
نە کرمانجی گەڕووسی بێ، نە میسلی ئەهلی ڕووسی بێ
نە ڕەنگی وەک مەجووسی بێ، بە هەیئەت وەک نەسارا بێ
نە کوردی شارەزووری بێ، نە دێوی لەندەهووری بێ
نە وەک ئیبلیس خەزووری بێ، نە سەخرەی جیننی زاوا بێ
دەبێ وەک غونچەیی گوڵ بێ، جوانمەرد و سەخیدڵ بێ
دەبێ ساحێب تەوەککول بێ، لە کاری چاکە ئازا بێ
دەبێ مەردێکی زۆر چا بێ، بە کاری چاکە چارا بێ
خەیاڵی هەر لەسەر چا بێ، لەگەڵ چا بەزمی گێڕا بێ
غوڵام و نۆکەر و خادیم، بە دەستووری شەه و حاکم
دەبێ حازر بکەن تاقم، نەبێ ناقیس چ ئەسبابێ
ئەگەر وابێ گەلێ چاکە، بڵێ لەو جێگە چا چاکە
لە بۆ چا خۆت موهەییا کە، بەبێ چا کارت چا نابێ
بە قەهوەی ناب و ڕەیحانی، کە نێو فنجانی نوورانی
بە چایی چاکی ڕەحمانی، خەلایق مەست و شەیدا بێ
بە چادانێکی زۆر ڕەنگین، لەتیف و کارخانەیی چین
بە جامی نازگ و نەقشین، دەبێ مەجلیس لە کەیفا بێ
کەشفی وەک دوڕڕی بەیزا بێ، گوڵی وەک نەجمی زەهرا بێ
ڕەنگی ساقی لە نێودا بێ، شوعاعی شوعلە بەرپا بێ
دەبێ پیاڵەی بلوورین بێ، ڕۆغن دەوری ڕەنگین بێ
دەبێ ژێرپیاڵەی نەقشین بێ، دەبێ مەجلیس لە کەیفا بێ
دەبێ ئەقداحی زێڕین بێ، بە دەستی ساقی ڕەنگین بێ
پڕی ڕەحراحی نوورین بێ، وەکوو جامی موسەففا بێ
بە دەنگی موتریبی سەرخۆش، بە ناڵەی ساقیی موهوەش
بە جورعەی نازک و دڵکەش، دەبێ جەننەت هووەیدا بێ
لەپاش ڕەحراحی نوورانی، جیهان ڕووی کردە وێرانی
نەما دیوانی ئینسانی، خودا سوڵتانی چا با بێ
کەسێ بێ، تەبعی مەوزوون بێ، دەبێ بۆ چایی مەحزوون بێ
لە شوربی چایی مەمنوون بێ، کە چایە لەززەتی چابێ
کەسێ وەک من کە بێ چا بێ، دەبێ دائیم لە غەمدا بێ
وەکوو پەروانە سووتا بێ، زەلیل و عاجزی چا بێ
ویساڵی ئێستە بۆ چایە، وەکوو مەجنوونی شەیدایە
بەدائیم وێڵی سەحرایە، مەگەر لەیلای چا یا بێ

پەراوێز edit