هۆ برای عەزیز کاکی چوارتایی
بڕژێ بە سەرتا ڕەحمەتی خوایی
هەر تەمەننامە لە قاپی خودا
دوور بی لە دەرد و بەڵای دنیایی
ئاوێنەی دڵت هەر بێ کەدەر بێت
نەیێت بە سەریا قەت تاریکایی
لە سایەی خواوە بۆ هەموو عالەم
بوویتە ئەربابی کووتاڵ و چایی
میرزا ئیبراهیم ڕۆحی شیرینم
بەجێهێنەری ڕەسمی برایی
هەر لە من ببیە قەولی بێ غەرەز
ئەلحەق لاییقی بۆ ئاشنایی
لازمە بتبێ ئەشیایی مومتاز
زیاتر لە هەموان حەزرەتی چایی
ئەوی کە حەق بێ بەڕاستی ئەیڵێم
کەتمی حەق ناکەم بەبێ ڕیایی
بۆ خۆت ئەزانی دنیا بەبێ چا
زینەتی نییە هەر وەک خەلایی
بە چایە شەوق و دەماغی عالەم
ئەگەر چا نەبێ عالەم سەودایی
زیاتر لە عالەم منی موبتەلا
ساتێ چا نەبێ ئەبمە شەیدایی
فەرهاد ئەو عەشقەی نەبووە بۆ شیرین
وەکوو عەشقی من بۆ یاری چایی
ڕۆژێ نەمانبوو چایی لە ماڵا
مات و بێهۆش بووم وێڵی سەحرایی
بۆ چایی ڕەنگین زۆر پەرێشانم
وەک خەرامان و خورشیدئاسایی
بە سەد تەشەببوس، هەوڵ و کەشاکەش
هەتا پەیدام کرد پێنج شەش پەنجایی
بە ئیبنولحاجا ناردم بۆ لای تۆ
کە بۆم بنێری ئیزرەمێ چایی
کە چای بۆ هێنام تام و بۆن ناخۆش
حەیفێ پارەکەم چوو بەخۆڕایی
مەلای نامەلاش یا خوا نەمێنن
کە قەت نازانن ڕەسمی مەلایی
وەکوو چاکەی تۆ کە هەر چا نەبوو
کە چی بەو نەوعەش پێی ئەڵێن چایی
بێ گوێ ڕاگرە هەر هاوارییە
هەر کەس هێناویە چایی میرزایی
ئەسەف بۆ چایی جارانی پێشوو
قابیل بوون لەبۆ مەجلیسی شایی
چا بە جوانی خۆی منی مەجبوور کرد
وەکوو مەجنوون و چاوی لەیلایی
بەم چایە چاییم وا لەبەر چاو کەوت
نازانم چی بکەم ئەمجا بۆ چایی
ڕۆژی لێ گێڕام بە شەوی تاریک
نەیهێشت لە چاوما نووری بینایی
خوا بکا لەم چا زوو نەجاتمان بێت
ئەمجا لێ ئەدەین تەپڵی پاشایی
ماڵم لێ بووەتە دوشمنی خوێنین
بەبێ چا بوومە وەحشی سارایی
ماڵە ئاوایی نییە ڕووی تێکەم
گشت وێران بەبێ مەجلیسی چایی
بەم چا خراپە زۆر ماڵوێرانین
ئەم چا بەڵا بوو کەوتە ئاوایی
لە لوتفی خواوە هەر من زەلیل نیم
هەر کەس هێناویە بووەتە سەودایی
ئەوانیش وەک من وا سەرگەردانن
دەسیان داوەتە چێوی گەدایی
بێهۆش و سەرخۆش بێ خەبەر لە ماڵ
وەک حەقەکانی خەڵقی ئەولایی
شێخ و دەروێش و مەلا بەجارێ
هەموو کەوتینە داوی بەڵایی
بەبێ ئاگایی هەر دەڵێین حەقە
وەک شارستێنی و مەمەند ئاوایی
ڕجات لێ ئەکەم بە چایی بۆگەن
قەت مەخەرە بەین کێوی جودایی
هەر چەند کە ڕەشە وەکوو سەگی ڕەش
تام و بۆنەکەی وەک گیای چیایی
ئیتر ئەم جارەش سەرفی نەزەر بێت
بۆمان بنێرە چای چاردە شایی
گەر خەبەر نەدەی چاکەم خراپە
بۆت حیساب ئەکەین بە بێوەفایی
هەر کەس لێی ئەخوا ئەڵێ کەی چایە
ئەما چایێکە نیو دینار بایی
ئەگەر ئەیڕێژن ئیزاعەی ماڵە
بە ناچار ئەیخۆین بەبێ حەیایی
جارێتر وا بێ هەجووی چایەکەت
ئەیخەمە دەمی ئەهلی بەغدایی
ئێمە مەجبوورین هەر ئەبێ بیڵێین
ئەوی کە حەق بێ بەبێ مەرایی
قابیلە بگرین بۆ چایی گوڵڕەنگ
وەک لە دووری گوڵ بولبول ئاسایی
نەزمی مەجلیسی قەیسەر بە چا بوو
چا جوانی ئەکرد بەزمی دارایی
بە ڕایحەی چا پێی ئەبێ زیندوو
مردووش هەر وەکوو دەمی عیسایی
مەخسووس ئەو دەمە لە بەزمی چادا
ساقی کە ئەیکات ناز و ڕەعنایی
لەو دەمە هەر کەس بمرێ شەهیدە
وەکوو شەهیدی دنیا و عوقبایی
موبتەلا بووبوون بە چایی ڕەنگدار
لەم سەر تا ئەو سەر خەڵقی دنیایی
چونکە شەرابی ئەهلی بەهەشتە
پارچە نوورێکە لە نووری خوایی
بۆ خوا پێت ئەڵێم ڕۆحەکەم میرزا
خۆت موجریم مەکە بەبێ خەتایی
بەم چا خراپە چایی جەماڵیش
حەیفێ بەجارێ ڕۆیی حەیایی
بێ چایی گوڵڕەنگ بووم بە دێوانە
پۆشیم بە ناچار بەرگی ڕیسوایی
میرزا لازمە بێتە مەحکەمە
بخرێیتە مادەی جورم و جەزایی
بە ئەمری شەرع و بە عەدل و قانوون
ئەو سێسەد فلسە بووەتە بەقایی
کاکە ڕێ نەبوو زوو تەبلیغت کەم
نەشبوو لە بەینا تەلی هەوایی
ویساڵی ئێستا نەخۆشی چایە
بە چایی نەبێ نایێ شیفایی
زاهیر ویساڵی بەحسی چا ئەکات
وەلی بە باتین تەبع ئازمایی