ئاڵەکۆک

عارف عورفی add_a_photo
عورفی دیوانی عارف عورفی
٧١. هەر خەیاڵێکم بە سەد جەیشی جەفا پاماڵ ئەبێ
هەر خەیاڵێکم بە سەد جەیشی جەفا پاماڵ ئەبێ
گەر ببینم نۆبەتێ دیداری دڵ خۆشحاڵ ئەبێ
ماڵی وێرانم ڕەقیبی باعیسی ئیهمال ئەبێ
«ماری زوڵفت نۆبەچی دەوری عەقیقی ئاڵ ئەبێ
تیری موژگان پاسەوانی دەوری چاوی کاڵ ئەبێ»
من کە واڵەی پڕتەوی شەمعی وەکوو پەروانە بم
بەستەیی زنجیری مووی گێسوویی جانانە بم
چۆن ئەبێ فارغ لە عەقڵ و فیکری بێ پەروا نەبم
«من کە سەرمەستی سەفای ئەو نێرگسی مەستانە بم
ئاگاداریم کەی لە داوی زوڵف و دانەی خاڵ ئەبێ»
گەر چەمەن حوسنت ببینێ شەق لە سەرو و گوڵ ئەدا
عەشقت ئاگر وا لە سینەی لالە و سونبول ئەدا
وەختێ شانەی عەترئامێزت لەسەر کاکۆڵ ئەدا
«ناز و عیشوەی دڵفریبانت فریوی دڵ ئەدا
شەککەری گوفتاری تۆ ببیە مەسیحا لاڵ ئەبێ»
دڵ وتی وەختێ کە ڕۆژی جەژنی پڕ مەسعوودی دی
بێ سەبەب قەت عیشوە ناکا سەروی قەددی مووقەدی
موشکیلە وەسفی جەماڵت بێتە غایەی سەرحەدی
«دەستی ئەعجازی تەبیعەت چونکە خەتمە مەقسەدی
دەفتەری حوسنت بە خەتی سەوزی لێو ئیکمال ئەبێ»
موددەیە تالیع منی لەم کاری عەشقە ژێر ئەخست
تا نەبوومە شاهی عوششاقان نەچوومە سەر تەخت
خەرمەنی ئیقبالەکەی هێنامە ژێر باری بەخت
«دامەنی توڕڕەی پەرێشانت لەسەر سەفحەی ڕوخت
عوقدە بۆ حەللی تەلیسمت باعیسی ئەشکال ئەبێ»
ڕەحمێ بەم مەجنوونە سا ئەی دڵبەری ساحیب جەماڵ
شادی دڵ کا نەشئەیی عەشقت بە تریاکی ویساڵ
سووڕەتت هەردەم لە شکڵێ دێتە بەر مەددی خەیاڵ
«حوسنی تۆ مەستوورە خۆ یەکسەر بە زوڵف و خەت و خاڵ
موڵکی ئیسلامە بە ئوردوویی فەڕەنگ ئیشغاڵ ئەبێ»
خۆ بەتەنیا هەر دڵی من گیرەوەی سەودا نییە
کەس لە داخی تۆ وەکو ئەم عاشقەت شەیدا نییە
تورکی من نەقشی جەبینی حیکمەتی یەزدانی نییە
«خاڵەکەی سەر گۆنەکەت بەم ڕەشییە هێندستانییە
یاخۆ شەهزادەی عەجەم مایل بە خەرقەی شاڵ ئەبێ»
پێنج خشتەکی لەسەر شیعرێکی ڕەفیق حیلمی

پەراوێز edit