لەلای کێ عەرزی شەکوا کەم چ دانایێ چ زانایێ
لە داخانا لە سینەمدا نەما حەرفێ ئەلیف بایێ
چ تەقدیرێکە ڕوویداوە زەمانە وەزعی گۆڕاوە
چ عەسرێکی وەها شوومە پەشێواوە لە هەر لایێ
نەماوە مەرجەعێ ئەوزاعی کەم وەزعم بکا تەدقیق
دەهۆڵ ئەکوتم بە هەر دوو دەست کە چی دەنگێکی لێ نایێ
لە ناڵەی هەور و لافاوە کە ئیمڕۆ ناگەڕێ جووتم
لە بێ بارانییە وەستاوە ئاشم گرمەیی نایێ
ئەبێ چەرخیش نەمابێ بۆی لەمەو لا قاعییدە و قانوون
وەیا تەنها لە حاڵی من فەڵەک هەر چاوی هەڵنایێ
بەڵێ لەم عەسرەدا فەرقی نییە بازاڕی زێڕ و زیو
نەما قەدری قەدرزانێ بە قەدری دانەخورمایێ
لە دونیا تێ بگەی یا تێ نەگەی هەردووکی یەک نرخە
نەما فەرق و فرووقێکی چ کاڵایێ چ باڵایێ
هەزارانی لەژێر خاکا ڕزانوە فیتنەیی دەوران
ئەگەر تۆزێ حەیای مابێ بەسە هەر ڕۆژە زاوایێ
ئەگەر مێژوو تەماشاکەی ئەزانی پێشڕەوت چۆن بوو
لە کوێ ما شێری شێرئەفکەن لە هیچ لایێ سەدای نایێ
بەسە تۆ خوا بەسە شەکوا لەدەس گەردوون بەبێ عەفوا
کە گەردوون خۆی لە گەردانی غەم و قەهرایە دەرنایێ
بکا چارەی منی بێچارە بەڵکە چارە سازم بێ
نەمێنم با لەژێر دەستی بەڵای ئەعلایی ئەولایێ