ئاڵەکۆک

عارف عورفی add_a_photo
عورفی دیوانی عارف عورفی
٦٥. فەڵەک گەر بیدەوێ بۆ موددەتێ مەئموورت کا ڕۆژێ
فەڵەک گەر بیدەوێ بۆ موددەتێ مەئموورت کا ڕۆژێ
ئەبینی زۆری پێ ناچێ لەپڕ مەنفوورت کا ڕۆژێ
شەرابی عەیشی دونیا کەی وەفای بۆ کەس بوو تا ئاخر
ئەبینی عاقیبەت ئەی کاکی خۆم مەخموورت کا ڕۆژێ
بە سەڕڕافی زەمان کەی ئیعتیمادی پێکراوە قەت
لە خۆت تۆ بێ خەبەر وەقتی حساب مەغدوورت کا ڕۆژێ
بە ناز و خۆشی ڕابوێری لەناو قەوم و گەل و خوێشا
کە چی هیچ زۆری پێ ناچێ لە یاران دوورت کا ڕۆژێ
ئەمە دونیایی دوونە کەی وەفای بردۆتە سەر تا سەر
مەبە مەغروور هەتا ئاخر ئەگەر مەسروورت کا ڕۆژێ
لەلای ئەهل و قەبیلەت موددەتێ هەرچەندە شیرین بی
ئەبێ بۆ نیشی عالەم هەروەکوو زەنبوورت کا ڕۆژێ
شکم پڕ فیتنە و ئاشووبی دەورانت هەتا کەی بێ
وەها نامێنێ دەورێ دێ فەڵەک دەستوورت کا ڕۆژێ
ئەگەر ئەهلی سەلامی ڕێی سەلاحەت بگرە تا مەولا
وەکوو «خاڵ»ی بەڕەحمەت قەبرەکەی پڕ نوورت کا ڕۆژێ

پەراوێز edit