وەختێ یارم ویستی زوڵفی خۆی بە ڕوودا شانە کا
وا ئەزانم شێخ لە من زووتر بەرەو مەیخانە کا
ڕابکێشێ خەنجەری موژگانی بەقەسدی کوشتنی من
شەرتە شەرتی پیاو هەتا ماوە لەڕوویا ڕانەکا
شەمعی ڕووی جانانە هەروەختێ لە مەجلیس هەڵکرا
بێ شکە عاشق بەدەوریا عەینی وەک پەروانە کا
فکری وا بوو، تێگەیشتم ئاخری غایەی چی بوو
بۆ ڕەقیبێ ڕوو لە ئێمە وەربگێڕێ خوا نەکا
ناز و عیشوە بۆ هەناسەی دەردەداران چا نییە
نەک خوا گیربێ بڵێن پێی بۆ خوا ئاوا نەکا
بگرێ پەندم عاشقێ گەر بیەوێ ڕسوا نەبێ
قەد وەفا و عەهد و سەفا لەو دولبەرە داوا نەکا
چاوەکانم، چاوی من لەو ڕۆژەوە چوون بۆ سەفەر
ساتێ نەمدیوە لە دووریت شین و واوەیلا نەکا
مەتڵەبی یار خاڵی لای لێوی کە دەرخا جار بە جار
عاشقی بێچارەیی ئاوارەیی وێرانە کا
ئێمە دەردی عاشقی و جەوری زەمانمان بردە سەر
دەس لە دەس چوو وای درێغا یار ئەگەر بڕوا نەکا