ئەی ڕەفێقان هیممەتێ بۆ دەردی سینەم مەرهەمێ
تاکوو کەی تەنها لە کونجی حەسرەتا بم هەمدەمێ
ئەی فەڵەک تاکەی بمێنم وێڵی سەحرا و چۆڵ و هەرد
وەک وەلی دێوانە عاشق بم بە ڕوخساری شەمێ
ئاخری بۆ کوێ بڕۆم چی بکەم لە دەستی جەیشی غەم
هەر شەوێکم چەرخی گەردوون بۆم ببارێنێ غەمێ
شاری سینە دائیمەن ئاشووبی غەم دایگرتووە
نەمدی خۆشی لەم خەرابابادە غەیری ماتەمێ
قودرەتێ بۆ دەفعی دێوی غەم لەسەر موڵکی وجوود
بۆ خوا ئەی ئاسەفی موڵکی سولەیمان خاتەمێ
تاکوو کەی وێران بێ موڵکی دڵ بەدەست پووری پەشەنگ
بۆ شکستی پەنجەیی ئەم زاڵمە کوا ڕۆستەمێ
کوا زەمانی تافی جوانیم قودرەتی پەنجەی هونەر
ئاخری بەم پیرییە کەوتوومە داوی پەرچەمێ
توشنە لەب بۆ چی بمێنم ئیلتیجام هێنایە بەر
بابی عەدلت ئەی شفیع المذنبینم زەمزەمێ