ئاڵەکۆک

عارف عورفی add_a_photo
عورفی دیوانی عارف عورفی
٥٠. پایبەندی کردووم زوڵفانی تێک ئاڵاوی تۆ
پایبەندی کردووم زوڵفانی تێک ئاڵاوی تۆ
چۆن جگەرمی پارە کردوە تیغی تازەساوی تۆ
زەحمەتە ڕزگاری بێ جارێکی تر بێ موشکیلە
تا قیامەت ئەو کەسانەی کەوتنە بەندی داوی تۆ
چاوەکەم دەستم لە خۆم هەڵگرتووە لەو ڕۆژەوە
سەرفی عومری خۆم بەجارێ کرد لەڕێی و پێناوی تۆ
ڕێی خەڵاس بوون زەحمەتە نەیدیوە تا ئیمڕۆ کەسێ
دەربچێ لەم ئاین و ئۆین و مەکر و بەندوباوی تۆ
داوی زوڵفی تۆیە دڵ چوار مێخەیی کێشراوە
با بمێنێ هەر لەنێو زنجیری پێ بەسراوی تۆ
بەزری بەختم چەند وەشاندووە نایەتە بەرهەم ئەبەد
تاکوو ئاو نەدرێ بەلێشاو مەزرەعەی کێڵاوی تۆ
قەد نەکەی باوەڕ گلە ڕوویدا لەڕوویی جەهلەوە
تاجی سەرمە چاوەکەم دڵگیر مەبە پێڵاوی تۆ
چەند پەرۆشم ئەو شەوەی کەوتۆتە ناو بورجی مەحاق
ڕەونەقی ڕووی وەک هیلال ئەو دەمەی شاراوی تۆ
سەرو و عەرعەر قوڕ بپێون دانەوێنن ڕوویی شەرم
گەر لەناو باغا ئەبینن قەددی چوون لاولاوی تۆ

پەراوێز edit