ئاڵەکۆک

عارف عورفی add_a_photo
عورفی دیوانی عارف عورفی
٢٤. سەحەر هەستام لە خەو بیستم کە ئیمڕۆ ڕۆژی نەورۆزە
سەحەر هەستام لە خەو بیستم کە ئیمڕۆ ڕۆژی نەورۆزە
شیعاری کوردە لای یەکتر بڕۆن بۆ جەژنەپیرۆزە
برای شیرینی کورد ئیمڕۆ کە وا ڕۆژێکی دڵڕوونە
کە ڕۆژی ڕەزمی کاوە بەزمی سەرتەختی فەرەیدوونە
هەوایی جەیشی نەورۆزە شکانی لەشکری زستان
بەرەودووی نا بەجارێ بەفری سەر کێوان هەتا کەیوان
کە خاڵخاڵ کەوتە سەر بەفری سەری ئەو کێو و کۆسارە
ئەڵێی خاڵی سەری گۆنای کەنیشکە کوردی نازدارە
لە هاڕەهاڕی لافاو و لە گرمەی کوورە شێوانە
سەما کەوتە سەما ئیمڕۆ بەجارێ دەم بە گریانە
بەهارە ڕۆژی نەورۆزە بڵێ ڕۆژی ژیان و ژین
گوڵی غونچەی لەگەڵ بولبول ببەستن با گرێی کابین
نەمامانی نەژادی کورد مەوەستن دەس لەناو دەس کەن
لە باغی سینەدا نارنج و لیمۆی گوڵبەدەم دەرخەن
لە نەقشی غونچەیی گۆنای کچانی قەدنەمامانی
هەزارانی وەکوو مانی ئەکەونە دەست و دامانی
لە جوانیدا بەهای ڕووی ئەو کچە کوردە کەمەرچینە
شکستی نرخی بازاڕی جەماڵی دڵبەری چینە
شکا بازاڕی شەرمی گوڵ حەیای چوو نێرگسی شەهلا
گوڵی باغی ئیرەم ئەمجا لە داخانا هەنسک هەڵدا
گوڵاڵەی سووری سەر گۆنایی ئەم جۆرە جەوانانە
لە سەرچاوەی دڵم ئەڕژێتە خوار خوێنی جگەرمانە
نەمامانی بەرەی باخی نەژادی کوردە سەرچۆپە
دەسا ساقی قەدەح پڕ کە، بەسە تۆبە لەدەس تۆبە
بە خوێناوی جگەر بوو غونچەیی گوڵزاری کورد گەش بوو
لە خۆشیانا وەرە بمبینە وا ڕیشی سپیم ڕەش بوو
عێراقی خۆشەویستی من بەهۆی ئەم ڕۆژە پیرۆزە
ئومێدمان وایە سەرحەدمان بگاتە خاکی فەرمۆزە
هەموو ساڵێ بە خۆشی ڕوو بدا جەژنی نەوەی کوردان
منی پیریش لە گۆشەی حەسرەتا غەمبار و سەرگەردان
نەمامی باغی نەوجوانیم بەسەر چوو غونچە بێبەر ما
وەکوو فەرهاد بە ناچاری قوڵنگێ دەم بەسەر سەرما
لەسەر نەورۆز و جوانانی وەتەن ئەشعارت بەم تەرزە
«مەلا» دەرکەوت کە بیری نیشتیمانت دیارە زۆر بەرزە
بۆ نەورۆزی ساڵی ١٩٦٠ وتراوە

پەراوێز edit