ئەگەر لوتفت ببێ ڕۆژێ بپرسی چۆنە ئازارت
ئەکەم گیانم فیدای زارت کە ناوم بێتە سەر زارت
فەلەک زانی کە ئەشعارم لەسەر ئەوسافی ڕووی تۆیە
«شکاندی پەنجەکانم تاکوو نەنووسم وەسفی ڕوخسارت»
دەمێکە بێ سەر و شوێنە دڵی من، تازە پێم زانی
ئەسیر ماوە لە بەندی داوەکەی زولفی سیەه مارت
مەکە مەنعم ئەگەر گۆشەنشینی خەڵوەتم ئیمڕۆ
هەمیشە دوورپەرێزم لێت لە ترسی تەعنەی ئەغیارت
لەجیاتی ئەم هەموو قەهرەی لەڕووی تۆوە کە چێشتوومە
خوا نەمهێڵی گەر حەز کەم سەری موویە لە ئازارت
سەبەب من بووم لە تەعریفی خەت و خاڵت کە وا ئیمڕۆ
لەناو جەمعی جوانانا شکور وا گەرمە بازاڕت
لەسەر وەسفی گوڵی ڕووتا ئەبینم جوملە ئەشعارم
کە شیرینە بە شیرینی وەکوو لێوی شەکربارت
لە هیچ لایێ، نەبێ لایێ عیلاجی دەردەدارێ کا
ئیتر عورفی بۆ لای کێ بەی بپرسێ دەرد و هاورت