ئاڵەکۆک

عارف عورفی add_a_photo
عورفی دیوانی عارف عورفی
١٠. بیستم لە ناوچەی خاکی کوردستان
بیستم لە ناوچەی خاکی کوردستان
شارێکی تیا بوو جوان و ئاوەدان
پیاوێکی لێ بوو زیرەک و زانا
نەخوێندەواری نەهێشت لەناوا
بە تێکۆشان و هەوڵی خۆی ئەژیا
چاوی لە ماڵی کەس نەبوو ئەسڵا
خێرخواهی بەشەر بێ دەعیە و مەتڵەب
خۆش خولق و ڕوو خۆش ئەربابی ئەدەب
قەناعەت خواه و دایم گۆشەگیر
بۆ مەسڵەحەتی عام، نەسیحەت پەزیر
ڕەنجی ئەکێشا ڕۆژ تا ئێوارێ
مەقسەد نەهێڵێ نەخوێندەوارێ
لە حوجرەیەکی تەنها و دەربەستە
ئامشۆیان ئەکرد دەستە بە دەستە
بە ڕوویەکی خۆش بە قسەی زۆر جوان
هاتوچۆکەری بووبوو سەناخوان
ژووری تاریکی ڕووناک کردەوە
بە عەسای هیممەت گۆی ئەبردەوە
ئەوی حەرفێکی هەڵنەدەکڕڕان
خوێندنی فێر کردن بە دوو سێ زوبان
لەبەر تێکۆشین سەعی بوو دەرسی
زۆر جار بە شەویش ئەما بە برسی
گەلێ شەو چاوی نەدەچووە خاو
خۆی ئەهێشتەوە بێ نان و بێ ئاو
خزمەتی دەرسی بۆ ئەم و بۆ ئەو
فەرزتری ئەزانی لە خواردن و خەو
زۆر کەس لە پیر و جوان و ئیختیار
لە سایەیەوە بوون بە خوێندەوار
لزوومی نییە تەعریفی مەکە
ئەوی گوتوومە لە هەزار یەکە
کەسێ لە ڕێگای خوێندەواریا
تێکۆشێ بە جان بە دڵ بێ ڕیا
کوردێک بەم جۆرە تێکۆشانی بێ
غەمی نەژادی لەسەر شانی بێ
کوردێک مەقسەدی خزمەتی گەل بێ
ئەو خزمەتەشی بە جان و دڵ بێ
کوردێک تێکۆشێ بۆ خزمەتی عام
تاکوو گەلەکەی بگا بە مەرام
بەڵکی لە سایەی عیلم و ئەدەبا
پەردەی جاهیلی لەناوا لابا
پاداشی ئەمە لازمە هەموان
حورمەتی بگرن بە دڵ و بە گیان
لە پاش مردنی بکرێ تیمسالی
بمێنێ یادگار لەبۆ ئەمسالی
نەوەک تەحریکی سەرسەری بکرێ
لە قاپی و جێگای بەردی تێ بکرێ
لە جیاتی خزمەت خراپە کردن
ئەم کارە کاری پیاوی نامەردن
ئەو کەسەی بە حەق ویجدانی پاک بێ
ئەگەر ساحیبی خولق و ئیدراک بێ
لەم نەسیحەتەم زۆر باش گوێ بگرێ
چاوێ هەڵبڕێ غیرەت وەرگرێ
باش بێ وەیا خود باش نەبێ لاتان
ئیتر خۆتان و خودای خۆتان
قسەی ئەم شەخسە لە ڕێگەی حەقە
لە قەدیمەوە قسەی حەق ڕەقە
قسەیان خۆشە پیرانی پێشوو
بۆ ڕێگە و بانمان ئەبێ بە تێشوو
نازانم کێ بووە ئەمەی گوتووە
وادیارە زۆری ڕەحمەت بۆ چووە
پێشکەشە بە مامۆستا نەجمەددین مەلا

پەراوێز edit