ئەگەر ئەو نووری ئیمانەم لە خەو وەختی سەحەر هەڵسێ
فیدای خاکی بەری پێی کەم دڵ و گیان و سەرم هەر سێ
ڕەحم بەم پیرییەم کە ئەی دەخیلت بم نەکەی ئامان
نەبم مەحرووم شەهەنشاها بە حەققی سووڕەتی قورئان
لە حەسرەت ڕووڕەشی خۆما شەو و ڕۆژ دیدەگریانم
لە ئەعمالی سیەه ڕۆژم پەرێشان هەم پەشیمانم
گونەهبارم بە جۆرێ نامەیی ئەعماڵەکەم بێنە
لە سەرتاپێ لە پێ تا سەر بەجارێ کەیلە تا سینە
لە دیوانی جەزادا بۆ خوا پشت و پەناهم بێ
ڕجاکاری جوابی قەبر و هەم ڕەفعی گوناهم بێ
بە سۆزی سینەوە شەرمەندەیی ڕۆژی قیامەت خۆم
نەدامەت خۆم لە ئەعماڵم دووبارە هەر نەدامەت خۆم
کە ئەمڕۆ ڕۆژی ئازادی دەمی عەفوی گوناهانە
فیدات بم پشتیوانم بە لەڕێی ئەم جەژنی قوربانە
سەبەب تۆ بووی کە ئیسماعیل نەجاتی بوو لە قوربانی
نەوەی ئەو زاتە شاهی ئەنبیای لێ دێ خۆ ئەیزانی
نییە پشت و پەناهم ماعەدا ئەو سەروەرە ئیمڕۆ
شەفیعم بە لەڕێی خوادا کە حج الاکبرە ئیمڕۆ