لە کونجی بێ کەسیدا شەو کە یادی وەسڵی تۆ سەرکەم
لە خۆشی خۆشیا وەختە کە بفڕم باڵ و پەڕ دەرکەم
لە دەست تەعنەی ڕەقیبان مات و داماوم نییە چارەم
ئەبێ یا ئەرکی عەشقی ئەو بکەم یا هەردوو گوێم کەڕ کەم
موتاڵای خەتتی نەوڕەستەت بە من قەت ناکرێ گیانە
مەگەر عیلمی لەدوننی من بە جارێ حیفز و ئەزبەر کەم
ئەگەر بۆم دەست بدات ماچی دەمی تۆ ڕۆحی شیرینم
خەجاڵەت بم لە حەشرا گەر تەمەننای ئاوی کەوسەر کەم
دوو چاوم هەڵئەکۆڵم تا نەبینم تاقی ئەبرۆی تۆ
بە خۆڕایی دڵم بۆچ تووشی زەربەی شیر و خەنجەر کەم
مەحاڵ و سەعبە تەسخیری پەری ناکا بەنی ئادەم
کەمالی بۆ چی بێ جێ من تەمەننای وەسڵی دلبەر کەم