بێ ویساڵت کەی تەمەننای جەننەتولمەئوا ئەکەم
بێ نیگاهت چۆن خەیاڵی بادە و سەهبا ئەکەم
بێ خەتت مومکین نییە دڵ دەم بە ڕێحانەی بەهەشت
بێ گوڵی ڕووت کەی تەماشای لالەیی حەمرا ئەکەم؟
شێوەیێکی چاوی مەخمووری نیگاری پێوەیە
بۆیە دائیم حەزلە سەیری نێرگزی شەهلا ئەکەم
ئیلتیفاتی با نەبێ ئەو شۆخە خۆ جەوری هەیە
مشتەری چاکم بە ڕۆح جەور و جەفای سەودا ئەکەم
من کە مەجنوون مەشرەبم چیمە بەسەر شارانەوە
شێتی لەیلم ڕوو لە کێو و هەردە و سەحرا ئەکەم
تۆ کە یارم بیت عەزیزم چیم بە سەر دنیاوەیە
تۆی مەبەستم ئیکە لەم دنیایە ئیستیغنا ئەکەم
بۆ فەلەک ناکەم تەنەززول هەروەکوو نوری ئەڵێ:
«من بە چەرخی ئاسمانی سپڵە ئیستیهزا ئەکەم»