زەوی ڕازی خۆی ئاشکرا کا ئەگەر
ئەوەی وا لە دڵیایە بیخاتە دەر
ئەبینی لە شیرین سواران پڕە
لە شاهەنشەه وتاجداران پڕە
پڕی مەردی زانایی دەریا دڵە
پڕی نازەنینانی ڕوومەت گوڵە
بە سەر خاکی ئەم شەهریارانەدا
بە سەر ئەم هەموو گوڵ عوزارانەدا
تکایە برای خۆشەویست و عەزیز
بە سەریا مەڕۆ تۆ بە دەعیە و بە فیز
کە ئەم خاکە گۆنایە، لێوە، دەمە
خەت و خاڵە سینە و برۆ و پەرچەمە
زەمانێ ئەمانیش لەسەر ڕووی زەمین
گەڕاون بە کامی دڵ و پێکەنین
بە دەردی دڵی زویر و خەمناکەوە
لە پاشان هەموو چوونە ژێر خاکەوە