ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
٤٨. لەدەست پیاوی کەر
حەزرەتی عیسا ڕۆژێ لە ڕۆژان
لە سارایەکی چۆڵ و بیابان
ڕایئەکرد خێرا وەکوو بابردوو
لە پڕ زەلامێ لە ڕێ تووشی بوو
عەرزی کرد وتی ڕەسوولی ڕەحمان
بۆچ وا ڕائەکەی توخودا قوربان!
جوابی دایەوە وتی برادەر
وا فیرار ئەکەم لە دەست پیاوی کەر
کابرا عەرزی کرد تۆ پێغەمبەری
ڕەسوولی خودایت گەورە و سەروەری
چاک ئەکەیتەوە گول و کوێر و گەڕ
مردووی سەد ساڵە ئەهێنیتەدەر
زوو زیندوو ئەبێ دێتە سەر دونیا
بۆت بەیان ئەکا هەواڵی ئەولا
لە دەست پیاوی کەر چۆن ئەکەی فیرار!
ڕاستیم پێ بڵێ ڕەسوولی نازدار
فەرمووی کە ناوی خودای دادگەر
ئەخوێنم خێرا گول و کوێر و گەڕ
چاک ئەبێتەوە بە یەک لەحزە و ئان
زیندوو ئەبێ زوو مردووی گۆڕستان
بەسەر ئینسانی کەرا ئەیخوێنم
هیچ لێی کار ناکات دۆش دائەمێنم
چونکە نەخۆش وەک کوێری بەڵایە
بەڵام کەرێتی قەهری خودایە
بە ئەمری خودای گەورەی دادگەر
دوعا کار ناکات لە ئینسانی کەر

پەراوێز edit